خواكوڕك نهێنی پشت نه‌كشانه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حكومه‌ت ئاشكرا ده‌كات

خواكوڕك

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ 12 ئۆكتۆبه‌ری 2015 بڕیاریدا كۆتایی بهێنێت به‌ رێكه‌وتنی حیزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، و له‌ ئه‌نجامدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كانی گۆڕان له‌ كابینه‌ی حكومه‌ت دوورخسته‌وه‌، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجی خه‌ڵك و ناوه‌نده‌ میدیایی و سیاسه‌كانه‌، هۆكاری بڕیارنه‌دانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ له‌ پاشه‌كشه‌كردنی له‌ حكومه‌ت.

به‌پێی زانیاریه‌كانی خواكوڕك، دوێنێ شه‌مه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان تاوتوێ ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌گه‌ری پاشه‌كشه‌ی گۆڕان له‌ حكومه‌ت كراوه‌، و له‌لایه‌ن زۆرێك له‌ ئاماده‌بووان به‌بڕیارێكی دروست له‌قه‌له‌م دراوه‌، به‌مه‌رجێك به‌ رێكه‌وتن و ده‌سكه‌وتێكی نوێ شوێنی ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ پڕبكرێته‌وه‌.

خواكوڕك زانیویه‌تی تۆفیق ره‌حیم بەرپرسی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، دڵنیایی به‌ ئه‌ندامانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ داوه‌ كه‌ له‌دوای دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌ حكومه‌ت مفاجه‌ئه‌ی گه‌وره‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی عێراق چاوه‌ڕێیان ده‌كات، ئه‌و ئه‌ندامی جڤاته‌ وتویه‌تیشی، زۆر ده‌رگا هه‌یه‌ چاوه‌ڕێی له‌ ده‌رگه‌دانی ئێمه‌ ده‌كات.

هه‌ربه‌پێی زانیاریه‌كانی خواكوڕك، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئێستادا له‌ قۆناغی ئاماده‌سازیه‌ بۆ دروستكردنی بناغه‌ی رێكه‌وتنێكی تۆكمه‌ له‌گه‌ڵ حزبێكی عێراقی و له‌كاتی گه‌یشتن به‌ته‌واوی وورده‌كاری رێكه‌وتنه‌كه‌، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ حكومه‌ت راده‌گه‌یه‌نێت.

رۆژی شه‌ممه‌ 12/11/2016 به‌شێك له‌مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانی بڕیاریاندا به‌رده‌وام بن له‌ بایكۆتی پرۆسه‌ی خوێندن، و دواتر ئارام شێخ محه‌مه‌د، كه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی جڤات گه‌ڕابووه‌وه‌ سلێمانی، وتارێكی له‌نێو خۆپیشانده‌ران پێشكه‌ش كرد و نهێنی و به‌رنامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی ئاشكرا كرد سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌.

ئارام شێخ محه‌مه‌د رایگه‌یاند، كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی عێراقی، كه‌ پێشبینی ده‌كرێت حزبی ده‌عوه‌ی نوری مالكی بێت، نزیكن بگه‌نه‌ رێكه‌وتنێك له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌كردنی به‌غدا له‌گه‌ڵ سلێمانی وه‌كو پارێزگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و دوور له‌ چاودێری و ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان.

Back to top button