بەرهەم ساڵح تۆڵەی لە بنەماڵەی تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد کردەوە؟
تەنیا کوردی
بەرهەم ساڵح یەکێک لەو کەسانەی کە لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانی و بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد زۆرترین ئەشکەنجەی دەروونی دراوە، ئەو لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کە یەکێک بوو لە داڕێژەرانی جوڵەی حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک، بەوهۆیەوە توانی متمانەی هەردوو خاوانەدەی تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد بەدەستبێنێ، کە بوو بە سەرۆککۆمار، ئیدی یەکێتی لا گرینگ نەما و ئەوەی ویستی بەدەستی هێنا.. بەرهەم کە نەیهێشت یەکێتی بگاتە رێککەوتن لەگەڵ پارتی، زۆر بە ئاسانی پاڤێڵ تاڵەبانی و گروپەکە رازی بوون کە بە قسەی بکەن، بەڵام لە ئەنجامدا زاکیرەی یەکێتی خستە بەردەم ئینتحارێکی سیاسی گەورە، کە ئەگەر یەکێتی بچێتەوە رێککەوتن لەگەڵ پارتی، ئەوا بە هەمان هێزی جاران لە گفتوگۆی نوێدا پارتی رەنگە پێشوازی بۆنەبێ، چونکە پارتی دەستکەوتی زۆری بە یەکێتی دا بەڵام یەکێتی خۆی ئاوت کرد، ئەگەر بشبێتە ئۆپۆزسیۆن یەکێتی بەرگەی ئۆپۆزسیۆن ناگرێ، چونکە جەماوەری یەکێتی بە بەردەوامی بینیویانە کە یەکێتی وردبووەتەوە بەسەر چەندین حزب و ئێستایش ئەگەر ببێتە ئۆپۆزسیۆن ئەو خەڵکەی کە لەگەڵیەتی و چەندین ساڵە بە پارە راگیراوە بەبێ پارە ئاستەمە لەگەڵ یەکێتی بمێننەوە.
ئۆباڵی ئەو دۆخەی ئێستای یەکێتی بەرهەم ساڵحە، وای لە یەکێتی کرد کە بچوکببێتەوە، چونکە ئەو تەجروبەی لەگەڵ بچوکبوونەوە هەیە، هەروەکوو ئەوەی کە حزبە نوێیەکەی لەت لەت کرد، بۆیە لای ئاساییە کە یەکێتیش زیاتر ورد بکاتەوەو زیاتر بچوکی بکاتەوە بۆ ئەوەی زیاتر شوێنی خیتابی ئەو لە نێو یەکێتی ببێتەوە.
لە ئێستادا یەکێتی لە دۆخێک دایە جگە لە رێککەوتن لەگەڵ پارتی ناتوانێ لە دۆخەکە دەرچێ، چونکە دەستبردن بۆ دوو ئیدارەیی زیانی زۆر گەورەی بۆ یەکێتی دەبێ، لە هەمانکاتیشدا یەکێتی دەزانێ کە دەستبردن بۆ دوو ئیدارەیی کارێکی مەحاڵە و هەم ئەمەریکا و هەمیش رووسیا و وڵاتانی دیەکەیش هەن رێگە بەمە نادەن، لەگەڵ ئەوەی کە گۆڕان لە سلێمانی لە کابینە بەشدارە و خەڵکی سلێمانیش نایانەوێ کە سلێمانی قەیرانی نوێی بۆ دروستبێ بۆیە ئەگەر یەکێتی ئەگەر بیەوێ دۆخی سلێمانی تێکبدا خەڵکی سلێمانی خۆیان دەدەنە پاڵ گۆڕان.
هاوکات یەکێتی دەشزانێ دوورکەوتنەوەی لە پارتی، یەکێتی دەخاتە بەردەم چەندین پرسیار لەبەردەم رای گشتیی سلێمانی، چونکە سلێمانی پێویستی بە چارەکردنی قەیرانەکانی هەیە نەوەک دروسکردنی قەیرانێکی نوێ لەوێ و رێخۆشکردن کە سلێمانی ببێتە سووریایەکی بچوک و بەرەو لێواری وێران بوون بچێ، بۆیە یەکێتی ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ پارتی ئەوا بەرەو ئینتحارێکی گەورەی سیاسی دەچێ.