سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی ئەمەریكا دەكات
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 20ـی 2ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە جێمز جێفری نوێنەری تازەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و سەرۆكی شاندەكە و جۆڵ ڕایبێڕن جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر بە وەكالەت و ئەندامانی تیمی ئەمەریكی تایبەت بە سووریا.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و نوێنەری تازەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش پێزانینی هەبوو بۆ پێشڤەچوون و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند سەرباری بوونی تەحەددیات و هەڕەشەی زۆر هەرێمی كوردستان یەكێكە لە سەركەوتووترین ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها تەئكیدیشی لەوە كردەوە كە تێكشكاندنی تیرۆر و بەدیهێنانی سەقامگیری، ئەولەوییەتی سەرەكیی ئەمەریكایە لە ناوچەكەدا.
لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتەكانە سیاسی و مەیدانییەكان و نیگەرانی و پێشنیارەكان لەمەڕ ئاییندەی كورد لە سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و پەیوەست بەم باسەوە جەخت لە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هەردوولا كرایەوە ئەویش بە مەبەستی دابینكردنی سەقامگیری و ڕێگەگرتن لە شەڕ و كاولكاری و هەروەها ڕێگەگرتن لە ئازار و نەهامەتی بۆ گەلی كورد لە سووریا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆسەر ئاساییشی ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ئەوە دووپاتكرایەوە كە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هاوپەیمانان و هەرێمی كوردستان سەركەوتن و ئەنجامی زۆر ئیجابی لە تێكشكاندن و پاشەكشەكردن بە تیرۆر لێ كەوتووەتەوە.
بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.