بەبەڵگە: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق: دەسەڵاتەكانی راكان جبوری سنوردار دەكات, تەنها مافی رایركردنی مامەڵە ئیداریەكانی هەیە
دوای ئەوەی بە هۆی خیانەتی یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 كەركووك لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیر كرا, لەو كاتەوە جگە لەوەی بە عورفی سەربازی شارەكە بەڕێوە دەچێت پارێزگارێك بەسەر كەركووك دا سەپێندرا كە پیلانی تەعریبكردنەوەی شارەكە و گوندەكانی دەوورووبەری دەست پێكرد, دوای دوونزیك بە دوو ساڵ, ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە چەند رێنماییەكی نوێ دەسەڵاتەكانی راكان سەعید جبووری، پارێزگاری كەركووك بەوەكالەت كەمدەكاتەوە..
لە نووسراوێكدا كە لەلایەن پارێزگاری كەركووك بەوەكالەت دەركراوە، هاتووە “دوای دەركردنی رێنمایی نوێ لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ژمارەیەك لە وەزارەتەكانی تایبەت لە بواری نەوت، وزە، كاروباری دارایی و پیشەسازی، بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو نوسراوانەی واژۆی پارێزگار یان بریكاری پارێزگاریان لەسەرە، ئەوانەی پەیوەستن بە گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەكان، ئاسن، سكراب و كاری كۆمپانیا ئەمنییەكان، هەروەها كاركردن بەپێی ئەو رێنماییانەی لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان دەركراوە”.
بەپێی نووسراوەكە لەبارەی دەسەڵاتەكانی پارێزگاری كەركووك، “ئەركی دیوانی پارێزگا بریتییە لە ئاسانكاریكردنی كارەكان لەو بابەتانەی لەچوارچێوەی دەسەڵاتی پارێزگاردان، یان بۆ مەبەستی هاوئاهەنگی یان ئاگاداركردنەوەی هێز و دەزگا ئەمنییەكان لەو كارانەی تایبەتن بە كاری پارێزگا، بەدیاریكراوی ئەوانەی لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی پارێزگاردان. جگە لەوە پشت بە هیچ نووسراوێك نابەسترێت كە پێویستی بە رەزامەندی ئەمینداریەتی گشتی یان وەزیری تایبەت هەبێت”.
پارێزگای كەركووك نووسراوەكەی ئاراستەی دەزگای دژەتیرۆر، پۆلیسی فیدراڵی، فەرماندەیی فیرقەی تایبەت، فەرماندەیی پۆلیس و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای كەركووك كردووە.