گۆڕان: یەکێتی لە سنووری دەسەڵاتەکەی داوای زانیاریی لایەنی سیاسی لە فەرمانبەران دەکات

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەشێک لە فەرمانگەکانی سنووری دەسەڵاتی خۆی، لە رێگەی بەڕێوبەرایەتییەکانی حکوومەتەوە، فۆڕمێک بە فەرمانبەرانی ئەو سنوورە پڕ دەکرێتەوە و یەکێک لە پرسیارەکانی لە فەرمانبەران ئەوەیە کە سەر بە لایەنێکی سیاسییە؟.

 

بەختیار حاجی جەوهەر، بەرپرسی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆیە، رایگەیاند: “لە سنووری ئەوان دوو جۆر فۆڕم بە فەرمانبەران پڕ کراوەتەوە، کە یەکیان لەلایەن پەروەردەوە بووە و ئاسایی بووە، بەڵام فۆڕمێکی دیکە لایەنی حزبیی لەدواوە بووە و بە مەبەستی زانینی ئینتیمای حزبی بووە”.

گوتیشی: ”ئەو فۆڕمە فشارێکە بۆ سەر مووچەخۆران، تاوەکوو لە لایەنەکانی دیکەی جیا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوور بکەونەوە لە رێگەی ئەو فۆڕمەوە کاتێک ئینتیمای سیاسیی فەرمانبەران دەزانن، ڕێگەیان پێ نادەن بگەن بە پلەی بەرپرسیاریەتی، ئەگەر شایەنیشیان بێت، چونکە ئەو پلانە دەدەن بە خەڵکی سەر بە خۆیان، بە شێوەیەک رێگەی چوونەپێشەوەیان پێ نادەن، تەنیا وەکوو فەرمانبەرێکی ئاسایی دەمێننەوە و دەوام دەکەن“.

Back to top button