عادل عەبدولمەهدی لەسەر مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت
دوای ئەوەی پرسی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە ئێستای عێراقدا بووەتە رۆژەڤ ژمارەیەك پەرلەمانتار واژۆیان كۆكردۆتەوە بۆ وەدەرنانی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق, هەر لەسەرپرسی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا و ژمارەی سەربازەكانیان لە عێراق، هاوپەیمانێتیی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری، كار بۆ بانگهێشتكردنی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران بۆ پەرلەمان دەكات، چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، دەستپێكردنی وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمان بۆ سەرۆك وەزیران دەبێتە گورزێك و تێیدا چەندین قەیران رووبەڕووی حكوومەتەكەی دەبنەوە.
مەنسور بعێجی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانیی بونیادنان ئاشكرای كرد، ھاوپەیمانێتییەكەیان و ژمارەیەك كوتلەی سیاسیی دیكە، كە دژی بوونی ھێزەكانی ئەمریكان لە عێراق، بە نیازن لە وەرزی دووەمی یاسادانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، بانگھێشتی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆك وەزیران بكەن.
هەرچەندە لەبارەی ژمارەی سەربازەكانی ئەمەریكا لە عێراق، بەرپرسانی ئەمەریكی داتای جیاواز ئاشكرا دەكەن. لەم بارەیەوە شۆن رایان، گوتەبێژی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، 2 هەزار و 200 سەربازی ئەمەریكی لە عێراقن، ئەركیان مەشقپێكردن و پشتیوانیكردنی هێزەكانی ئەو وڵاتەیە لە شەڕی دژ بە تیرۆر. بەڵام دواتر لە لێدوانێكی دیكەدا جۆی هود، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق ئاشكرای كرد، بە شێوەیەكی رێژەیی، ژمارەی سەربازەكانی ئەمەریكا لە عێراق بە بەردەوامی، دەگاتە 5200 سەرباز و لە هەفتەیەكەوە بۆ هەفتەیەكی دیكە ئەو ژمارەیە كەم و زیاد دەكات.
گوتەكانی جۆی هود، سەبارەت بە بوونی هێزەكانیان لە عێراق و مانەوەیان لە سەر داوای حكوومەتی ئەو وڵاتە، شەپۆلێكی ناڕەزایەتی لەنێو شیعەكان دروست كرد، بۆ زانینی هەڵوێستی سەرۆك وەزیران لەبارەی ئەو هێزانەی ئەمریكا و هەماهەنگی نێوانیان لەگەڵ حكوومەت، هاوپەیمانێتیی فەتح ئاشكرای دەكات، بانگهێشتی سەرۆك وەزیران بۆ ئەوەیە هەڵوێستی حكوومەت لەبارەی هێزەكانی ئەمەریكا روون بێت، كە داوای مانەوەیان دەكات، یاخود دەرچوونیان.
پێشتر لایەنە شیعەكان بە گشتی و ئەوانەی لە ئێران نزیكن بە تایبەت، چەندین جار داوایان لە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كرد، كار بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتەدا بكات، بەڵام عەبادی بە بیانووی هەڕەشەی داعش، رەتیكردەوە داوا لە هێزەكانی ئەمریكا بكات لە عێراق بچنە دەرەوە.