جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق: لە بارەی لابردنی زمانی كوردی لەسەر لۆگۆكەیان داوای روونكردنەوە لە ئەنجوومەنی دادوەری دەكات
دوای ئەوەی ئەنجومەنی دادوەری عێراق زمانی كوردی لەسەر لۆگۆی ئەنجوومەنەكە لابرد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە ئەنجومەنی دادوەریی عێراق دەكات، لەبارەی لابردنی زمانی كوردی لەسەر لۆگۆكەیان، روونكردنەوە بدات.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، “داوامان لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق كردووە، روونكردنەوە لەسەر لابردنی زمانی كوردی لەسەر دروشمی لۆگۆ نوێیەكەیان لە تەك زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بدات”.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیشی كردەوە، “لەبەر ئەوەی زمانی كوردی زمانێكی فەرمییە و دانی پێدا نراوە، بۆیە لابردنی زمانی كوردی لەسەر دروشمی نوێی ئەنجومەنی دادوەری پێچەوانەی ماددەی ژمارەی “4”ی دەستووری عێراق و یاسای ژمارەی 7ی ساڵی 2014ی زمانە فەرمییەكانە”.
وەك ئاماژەشی پێدا، “نووسراوێكی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كردووە و تێیدا داوامان لێ كردووە، هۆكاری لابردنی زمانی كوردی لە سەر لۆگۆكەیان روون بكەنەوە”، گوتیشی: “لە سەر بەدواداچوونمان بۆ ئەو پرسە بەردەوام دەبین، تا ئەو بابەتە دەگەڕێندرێتەوە دۆخی جاران و زمانی كوردی لە سەر دروشمی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دادەنرێتەوە”.
پێشتر لە تەك زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، زمانی كوردیش لەسەر لۆگۆی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق هەبوو، بەڵام بەر لە ماوەیەك دروشمێكی نوێ بەبێ زمانی كوردی راگەیەندرا، كە تەنیا بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نووسراوەتەوە.