مەلا بەختیار: گەشبینم بە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی, هەر لایەنێك بیر لە دوو ئیدارەی بكاتەوە هەڵەیەكی مێژووی دەكات
دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی پلاتفۆرمی دابڕان لە سلێمانی بەڕێوەچوو, .لە پەراوێزی كۆنفرانسەكە مەلا بەختیار رایگەیاندووە، گەشبینە بە چارەسەركردنی كێشەكان و رێككەوتنی پارتی و یەكێتی، “هەر لایەنێكیش بیر لە دوو ئیدارەیی بكاتەوە، هەڵەیەكی گەورە دەكات”.
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كورستان لەبارەی رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان، رایگەیاند “من هەموو رێككەوتنێكم پێخۆشە، بەڵام لە سەرەتاوە وام گوتووە و ئێستاش دەیڵێم یەكێتی خۆی گۆڕان و پارتیش دەبێت وابن، من وەكو یەكێتی قسە دەكەم، یەكێتی نابێ لەگەڵ پارتی بێت دژی گۆڕان، نابێ لەگەڵ گۆڕانیش بێت دژی پارتی، دەبێت هاوسەنگییەك رابگرێت. دۆخی دەڤەری سەوز ئاوایە بۆ یەكێتی، گۆڕانیش حەقی خۆیەتی ئیستحقاقی ئینتیخابی وەردەگرێت، بەڵام لەو سنوورە حەقی خۆیەتی كە حەقی خۆیەتی، كە تەجاوزكرا بۆ سنووری یەكێتی، من دەڵێم بەدڵنیاییەوە گۆڕان نابێ هەڵەی ئاوا بكات، پارتی و یەكێتیش نابێت هەڵەی وابكەن، من بەش بە حاڵی خۆم پیرۆزباییان لێدەكەم، بەڵام تۆزێك لەگەڵ كاتەكەی كێشەم هەیە، پێموایە هەفتەیەك دواكەوتبایە بۆ هەموو لایەك باشتر دەبوو، چونكە لەڕووی سیاسییەوە ئیحراجی بۆ یەكێتی دروستكرد”.
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئەگەر بڕیاربەدەستی یەكێتی بووایە چۆن مامەڵەی لەگەڵ رووداوەكانی دوای كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكرد؟ مەلا بەختیار گوتی “هەوڵم دەدا ئەو ماوەیەی پێشتر بقۆزمەوە بۆ دانوستاندن و گەڵاڵەكردنی رێككەوتنی هەمەلایەن، كاتێكی زۆر رۆیشت (زیاتر لە چوار مانگ رۆیشتووە)، خۆ ئەمە كەم نییە، لەو چوار مانگە بەلایەنی كەم سێ مانگی بە بەلاش رۆیشتووە. دوای ئەوەی سێ مانگ بە بەلاش رۆیشتووە لە گفتوگۆكاندا لە دوایین كاتەكاندا دەمانویست بە 24 كاژێر چارەسەری بكەین. من پێموایە بە 24 كاژێر چارەسەر نەدەكرا، ئەگەر هەفتەیەك دواكەوتبا رەنگە هەموو كێشەكان ئارامتر چارەسەر بكرانایە.
مەلا بەختیار دەڵێت “ئێستاش هەموو شتێك قابیلی چارەسەرە، نائومێد نەبین، ئەوەندی من دەزانم نە یەكێتی نائومێدە نە پارتی. ئەو بڕیارەم زۆر پێ خۆشبوو كە لە پەرلەمان فراكسیۆنی پارتی گوتی ئێمە بەشێوەیەكی كاتی سەرۆكی پەرلەمان دادەنێین و ئەمە شایستەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و هەر دەبێت یەكێتی بێت، ئەمەیان سەرەڕای ئەو نیگەرانییەی كە لە دانیشتنی پەرلەمان دروستبوو، ئارامییەكی خستووەتە ناو دۆخەكەو من پێم خۆشبوو”.
مەلا بەختیار باسی پێگەی پارتی و یەكێتی دەكات و دەڵێت “ئەم حكومەتە بەبێ یەكێتی و پارتی بەڕێوەناچێت، خۆ جاری پێشووش پارتی و گۆڕان پێش یەكێتی رێككەوتن، بەڵام لە ئەنجامدا نە جێگری سەرۆكوەزیران، نە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان، نە لە وەزارەتەكان بەبێ یەكێتی بەڕێوەنەچوو. یەكێتیش 45 كورسی بێنێت، ناتوانێ حكومەت بەبێ پارتی ببات بەڕێوە ئەگەر پارتیش 21 كورسی بێنێت. هەموو لایەك دەبێت لەو هاوكێشەیە تێبگات، ئەو هاوكێشەیە تێناپەڕێندرێت، ئەو هەڵبژاردنە وایە پێشبینی ناكەم لە هەڵبژاردنی ئایندەش هاوكێشەكە بگۆڕێت، جارێ دەستووری كوردستانمان نییە، جارێ ئێمە گەمارۆدراوین بە دەوروبەر و كۆمەڵێك سیاسەتی نامۆ بە ئێمە، ئێمەیان قبووڵ نییە، ناوچە كێشەلەسەرەكانمان ئێستا بەمانای وشە ئەو هێزانە حكومەتی عەسكەریان لە كەركووك، خانەقین، شنگال و مەخموور سەپاندووە، ئەوانە هەمووی دوو هێزی بەهێزی دەوێ، هەردوو هێزەكە لە دوو دەڤەری جیادا توانای خۆیان سەلماندووە. زۆرترین ئەو قوربانیانەی كە دراون لە یەكێتی و پارتی دراون، كە ئێستا هەموو لایەنەكان ئازادن و لە هەڵبژاردن ئیستحقاقی خۆیان وەردەگرن بە لایەنی تازەشەوە، كە خۆتان دەزانن ئەو لایەنانە بەراورد بە قوربانییەكانی یەكێتی و ئەنفالەكانی یەكێتی و پارتی و هەڵەبجەی یەكێتی و پارتی و ئەو بەدبەختیانە بكرێت، ئەو لایەنانە، روونە كە هەرگیز ناتوانراێت مێژوویان هاوتای مێژووی یەكێتی و پارتی بێت”.