قوباد تاڵەبانی: جێگری سەرۆکی وەزیران نەبوومایە ‌بە عەشایەرانە بابەتەکەم چارەسەر دەکرد

قوباد تاڵەبانی لە تۆمارێکی دەنگیدا وەڵامی لێدوانێکی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەداتەوە و ڕایگەیاندووە، “ئەگەر جێگری سەرۆکی وەزیران نەبوومایە ڕەنگە عەشایەرانە بابەتەکەم چارەسەر بکردایە”‌.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە تۆمارە دەنگییەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، “لام سەیرە کەسێک کە خۆی بەنەوەی نوێ دادەنێت ‌و جوڵانەوەکەشی ناوی نەوەی نوێیە بیر لەچارەسەرە کۆنەکان دەکاتەوە، بیر لەھەڵواسین ‌و سێدارەدان دەکاتەوە”.

باسی لەوەشکردووە، “ئەوە لە قسەی کەسێک ناچێت نوێنەرایەتی نەوەی نوێ بکات و ھەڵواسین‌ و کوشتن‌ و لەسێدارەدان پەیڕەوکردنی بیروباوەڕی سەدام بوو، دەبێ نەوەی نوێی ئێمە پەروەردە بکرێن و بیرلە ئاشتی و پێکەوەژیان بکەینەوە”.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت “هه‌ڵواسین‌ و كوشتن‌ و ئیعدام په‌یڕه‌وكردنی‌ بیروباوه‌ڕی‌ سه‌دامه‌”، لەکاتێکدا بەعس مفەوەز شەماڵی ھەڵنەواسی، بەڵکو خەڵکی داخ لەدڵی سلێمانی ھەڵیانواسی.

لەبەشێکی تری تۆمارە دەنگییەکەیدا باسی له‌وه‌شكردووه‌، “من جێگری سەرۆک وەزیرانم، دەبێت بەرگەی رەخنە و ھەندێک قسەی لابەلا و نامەنتیقیش بکەم، ئەگەر جێگری سەرۆکی وەزیران نەبوومایە ‌و ئەو قسەیەی بکردایە، ڕەنگە عەشایەرانە بابەتەکەم چارەسەر بکردایە، بەڵام من پۆست ‌و وەزیفەیەکم ھەیە رێزی وەزیفەکەی خۆم دەگرم، داوام لەپارێزه‌ره‌كانی خۆم کردووە لە قسەکانی بکۆڵنەوە ئەگەر قسەکانی سەرپێچییەکی یاسایی تێدابێت ڕەنگە رێكاری یاساییمان ھەبێت بەرامبەری”.

قوباد تاڵەبانی وتووشییەتی “زوو زوو سەگ دەوەڕێت بەرامبەرم، ئەگەر بەردێک بگرمە ھەر سه‌گێک کە دەوەڕێت بەرامبەرم، بەخوا زوو بەردم پێ نامێنێت، بۆیە کێشەیەکی زۆر گەورە نییە لای من”.

ئەو تۆمارەنگییەی قوباد تاڵەبانی لەلایەن کادیرانی یەکێتییەوە دزەپێکراوە، بەلام وا بلاویان کردووەتەوە کە کۆبونەوەی کادیرانە و کادیرێک بلاویکردووەتەوە.

 

Back to top button