سیاسه‌تمه‌دارێكی ناوداری كورد داوا لە پەكەكە دەكات واز لە ھەدەپە بھێنێت و دەشلێت”سەردەمی پەكەكە كوتایی ھاتووە”

سیاسه‌تمه‌داری به‌ناوبانگی كورد له‌ باكوور، زیا تاریق ئاكنجی له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی (T24)ـی توركی كه‌ رۆژنامه‌نووس شیرین پایزین له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامی داوه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ داهاتووی كورد كردووە له‌ توركیا و لەمبارەشەوە ره‌خنه‌ی له‌ په‌كه‌كه‌ گرتووە به‌وه‌ی زۆر ده‌ست له‌ كاروباری هه‌ده‌په‌ وه‌رده‌دات، له‌ كاتێكدا هیچ پێویست ناكات ئه‌و كاره‌ بكات، چونكه‌ هه‌ده‌په‌ پارتێكه‌ له‌ توركیا سیاسه‌ت ده‌كات و بە شێوەیەكی جیاواز له‌ په‌كه‌كه‌ هاتووه‌ته‌ مه‌یدانی سیاسه‌ت.

ئاكنجی گوتی “په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌رده‌می خۆی گرنگ بوو، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ی په‌كه‌كه‌ هات، له‌ توركیادا شتێك نه‌بوو به‌ ناوی كورد، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌ كورده‌كان نه‌یانده‌زانی كوردیشن، بۆیه‌ په‌كه‌كه‌ بۆ ئه‌و مێژووه‌ گرنگی خۆی هه‌بوو، به‌ڵام ئێستە سه‌رده‌می په‌كه‌كه‌ كۆتایی هاتووە و سه‌رده‌می هه‌ده‌په‌ ده‌ستی پێكردووە”.

ئاكنجی له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا پێیوایه‌ هه‌ده‌په‌ پارتێكی سیاسیی توركیایه‌ و ناكرێ په‌كه‌كه‌ش ده‌ست له‌ كاروباری ناوه‌خۆیی توركیا وەربدات، چونكه‌ ئێستە چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد به‌ زه‌بری چه‌ك ئه‌سته‌مه‌ و كۆتایی پێ هاتووه‌، گرنگه‌ هه‌ده‌په‌ وه‌كو پارتێكی كوردی له‌ رێگه‌ی دیالۆگ و به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه‌ باس له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد بكات.

له‌باره‌ی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشی سەركردەی زیندانیكراوی هەدەپەشه‌وه‌، ئه‌و نووسه‌ره‌ گه‌شبینی دەربڕی و پێیوایه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئازاد ده‌كرێت و به‌ ئازادكردنی ئه‌ویش هه‌ده‌په‌ گیانی به‌به‌ردا دێته‌وه‌.

له‌باره‌ی شه‌ڕی خه‌نده‌قیشه‌وه‌ كه‌ له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و حكوومه‌تی توركیا رووی دا، ئاكنجی بۆچوونی وایه‌ جارێكی تر ئه‌گه‌رێكی له‌و شێوه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌ له‌ باكوور، چونكه‌ په‌كه‌كه‌ شه‌ڕی خه‌نده‌قیشی تاقی كرده‌وه‌ و نه‌گه‌یشته‌ ئه‌نجام، گوتیشی ئه‌و كات لەمبارەیەوە ره‌خنه‌ی توندی له‌ شه‌ڕی خه‌نده‌ق گرتووە.

زیا تاریق ئاكنجی سیاسه‌تمه‌دارێكی به‌ناوبانگی كورده‌ له‌ توركیا، ئه‌و له‌ رێگه‌ی حزبی سۆسیالیسته‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ناو سیاسه‌ت و له‌ ساڵانی حه‌فتایه‌كاندا رۆڵێكی گرنگی هه‌بووه‌ له‌ ناساندنی كورد له‌ توركیا، هه‌روه‌ها خه‌باتی بۆ به‌دیهێنانی مافەكانی كورد كردووه‌.

ئاكنجی خاوه‌نی چه‌ندین كتێبە، له‌ هه‌موویاندا باس له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد ده‌كات و ده‌یان وتار و لێكۆڵینه‌وه‌شی له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد له‌ رۆژنامه‌كاندا به‌ زمانی توركی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

 

Back to top button