پارتی: تەنیا لە یەك خاڵ لەگەڵ یەكێتیدا كۆك نین
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناگەڕێنەوە بۆ خاڵی سەرەتا، چونكە لە هەموو خاڵێك كۆك بووینە و تەنیا خاڵێك تێڕوانینی جیاوازمان بۆی هەبوو.
ئەمڕۆ شەممە، مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ میدیای حزبەكەی ڕای گەیاندووە، لە كۆبوونەوەكانماندا لەگەڵ یەكێتی دووپاتمان لە یەكێتییی خاكی نیشتمان و حوكمڕانیی سەرانسەری و سەقامگیری كردەوە.
گوتەبێژی پارتی ئاشكرای كردووە، لە هەموو خاڵەكانی رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی كۆك بووین، تەنیا خاڵیك نەبێ كە تێڕوانینی جیاوازمان بۆی هەبوو، ئەویش ئەوەبوو كە ئێمە گوتمان كەركووك و ناوچەكانی ماددەی ۱٤۰ ئاسایی بكرێنەوە و رێككەوتنێك لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكەین دواتر پارێزگار هەڵبژێرین، بەڵام یەكێتی زیاتر ئەولەویەتی ئیشەكانیان ئەوە بوو كە پارێزگارێك دابنرێت بۆ كەركووك و دواتر ئاساییكردنەوە و كارەكانی تر بخرێنەوە قۆناغێكی ترەوە.
ئاماژەی داوە، كە كەركووك بە تەنیا موڵكی لایەنێك نییە، بەڵكو موڵكی هەموو لایەنەكان و خەڵكی كوردستانە، هەروەها ئەندامانی پارتی بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە ۱۸ شوبات ۱۲ واژوویان كۆ كردەوە، بەڵام برادەرانی یەكێتی تەنیا دوو واژووشیان نەهێنا بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا كە لە پشوو دابوو بتوانێت كۆبوونەوە بكات.
ئەو لێدوانەی گوتەبێژی پارتی لە كاتێكدایە ڕۆژی ۱۸ـی شوبات سەرۆكایەتی پەرلەمان هاتە هەڵبژاردن و یەكێتی پەرلەمانی كوردستانی جێهێشت.