گۆڕان مەرج پۆستێكی خۆی لە حكومەت بە یەكێتی دەدات

بەرپرسێكی بزۆتنەوەی گوڕان دەلێت: بزووتنەوەی گۆڕان بە مەرج، ئامادەیە پۆستەکەی خۆی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدات.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕاگەیاند: ”ئێمە کاتی خۆی پێداگریمان لەسەر وەرگرتنی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نەکردووە، بەڵکوو پێداگربووین لەسەر وەرگرتنی جێگری سەرۆکی حکوومەت، بەڵام لە پێناو دوانەکەوتنی حکوومەت و دروست نەبوونی لاسەنگی بۆ لایەنەکانی دیکە، ئێمە بە پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕازی بووین، ئێستاش یەکێتی بە چ مافێک دەیەوێت ئەوە ھەڵبووەشێنێتەوە؟“.

ئەو سەرکردەیەی گۆڕان، مەرجی بزووتنەوەکەی بۆ پێدانی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یەکێتی ڕاگەیاند و گوتی: ”با جێگری سەرۆکی حکوومەتمان پێ بدەن، ئەو کاتە ئێمەش تەنازول لەو پۆستە دەکەین، جیا لەوەش یەکێتی خۆی داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کردووە، ئێمە ئەو داوایەمان نەبووە“. دووپاتیشی کردەوە: ”ئێمە لە پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان موساوەمە ناکەین، تەنیا ڕەنگە لەکاتێک بیکەین کە ئاڵوگۆڕی لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت پێ بکەین“.

خەلیل سەرکانی نەیشاردەوە کە بەشێکی ئەو داواکارییە جیاوازانەی یەکێتی بۆ پۆستەکان، ”پەیوەندی بە کێشە و نەسازانی ناوخۆی یەکێتییەوە ھەیە“. گوتیشی: ”دەیانەوێ ھەژموونی خۆیان بەسەر خەڵکی دیکە بسەپێنن و بڵێن ھێزێکین ھیچ بەبێ ئێمە ناکرێ، لەوە بەدەر ھیچی دیکە نییە، ئەگەر نا ئەو یارییەی دەیکات، تەندروست نییە و لەبەرژەوەندیی یەکێتی و خەڵکیش نییە“.

بەرپرسەکەی گۆڕان پێیوایە کە یەکێتی ”لە ئیستیحقاقی خۆی زیاتری داوا کردووە و پارتیش پێی ڕازی بووە، ئیتر نازانم داوای چی دەکەن؟“.

Back to top button