پێگەی عەرەب پۆست: ئەبوبەكر بەغداد گەڕاوەتەوە عێراق لە بیابانەكانی ئەنبارە

 

دوای ئەوەی هێزەكانی سویای دیموكراتیك دوا مۆلگەی داعشیان لە چەند سەد مەترێك دەورەداوە, سەرچاوەیەكی نزیك لەهێزەكانی ئەمریكا لەعیراق ئاشكرایكرد، دوای لەدەستدانی كۆتا مۆڵگەی لەسوریا، ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی داعش گەڕاوەتەوە عیراق و لەبیابانی ئەنبار خۆی حەشارداوە.
پێگەی “عەرەبی پۆست” لەزاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویكردووەتەوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئەمریكیەكان كەوتووە چەند رۆژێك پێش ئێستا ئەبوبەكر بەغدادی لەگەڵ یاریدەدەرەكانیدا گەیشتووەتە عیراق و لەبیابانی ئەنباردا خۆی حەشارداوەو پاسەوانێتیەكی توند دەكرێت.
روونیشیكردووەتەوە، بەغدادی لەرێگەی تونێلێكەوە هاتووەتە عیراق كە پارێزگای دێرەزووری سوریا بە شاری قائمی عیراق دەبەستێتەوەو لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بۆ هاتووچۆ لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەكار دەهێنرێت.
سەرچاوەكە ئاشكراشیكردووە، بەغدادی لەناوچەی حەسێنیاتە و 250 بۆ 500 چەكداری لەگەڵدایەو لەیەك شوێندا نامێنێتەوەو بەردەوامە لەگۆڕینی شوێنەكەی، هەروەها گەیشتن بەو شوێنە بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی و سەربازیش ئەستەمە و تەنها ماتۆڕسكیل دەتوانێت بچێتە ئەو ناوچەیە، چونكە بەرزی و نشێوەیەكی زۆری تێدایە.

Back to top button