شاندێكی باڵای پارتی سەردانی سلێمانی دەكات

بڕیارە شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی‌ نێچیرڤان بارزانی سەردانی‌ شاری سلێمانی بكات و لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كۆ ببنەوە و لە بارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم و كەركووك گفتوگۆ بكەن.

شوان كەریم, ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی ئەمڕۆ شەموو بە (خواکورک)ـی راگەیاند, لیژنەیەكی باڵا لە ئاستی مەكتەبی سیاسی پارتی پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكان كە هەرچەند كاتی سەردانەكە دیار نییە، بەڵام لە دوو ڕۆژدا شاندەكەی پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی دەكات.

زیاتر گوتی, پێوەندییەكانی یەكێتی و پارتی دەستی پێ كردووەتەوە و بڕیاردراوە دووبارە كۆبوونەوە و گفتوگۆكان دەست پێ بكەنەوە و كۆبوونەوەكەیش لە بارەی پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەمان و پرسی كەركووك دەبێت.

بەپێی ئەو زانیارییەکانی دەستی (خـواکورك) کەوتوون لیژنەیەكی باڵا لە ئاستی مەكتەبی سیاسی پارتی پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكان و لە ئەگەری هاتنی نێچیرڤان بارزانی، ئەو شاندە لەگەڵ یەكێتی كۆدەبێتەوە.

سەرچاوەکەی (خواکورك) زیاتر گوتی, پێوەندییەكانی یەكێتی و پارتی دەستی پێ كردووەتەوە و بڕیاردراوە دووبارە كۆبوونەوە و گفتوگۆكان دەست بكەنەوە و ئەگەر سبەینێش نەبێت هەر دەبێت هەردوولا بگەنە ڕێكەوتن، چونكە ئێستە نە پارتی یەكێتی بەجێدەهێڵێت و نە یەكێتیش لەو دۆخەی ئێستە تەحەمولی ئۆپۆزسیۆن دەكات. بۆیە پێویستە هەردولا بگەن بە ڕێككەوتن و كۆتا بەو دۆخەی ئێستە بهێنرێت.

Back to top button