بەرپرسێكی پارتی كۆچی دوايی كرد

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆچی دوایی كرد كە چەندان پلەی لە حكوومەتدا هەبوو و نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو.

فەوزی ئەترووشی کە ناوی تەواوی خۆی فەوزی عەزیز میرزایە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٣یە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی ٢ی ٢٠١٩، بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە کۆچی دوایی کرد.

لە وردەکاریی ژیانی ئەترووشی کە لە کەناڵی (کوردستان ٢٤)دا بڵاو کراوەتەوە، دەردەکەوێت دەرچووی کۆلێژی یاسای و رامیارییە لە زانکۆی بەغدا و لە زانکۆی سۆفیا، لە بوڵگاریا، ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەدەستھێناوە.

لە ساڵی ١٩٨٦ەوە تا ٢٠٠١ بەرپرسی لقی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، دواتریش بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی دەرەوەی حزبەکەی وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٣، بووەتە راوێژکاری رۆژنامەی (المۆتمر)ی  زمانحاڵی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی.

ماوەیەکیش بەرپرسی چاپی رۆژنامەی (خەبات)ی پارتی بووە لە لەندەن و زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیسپانی و بولگاری زانیوە و کۆمەڵێک بەرھەمی چاپکراوی شیعری ھەیە و لە بوارەکەشدا، چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە.

ئەترووشی ماوەیەك بوو تووشی نەخۆشییەكی درێژخایەن هەبوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 24ی شوبات كۆچی دوایی كرد.

Back to top button