پەرلەمانتارێكی پارتی: هەموو ئەو پۆستانەی گۆڕان داوای كردووە پێیاندەدرێت
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەتی دەكاتەوە كە هیچ كێشەیەك كەوتبێتە ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان و دەڵێت، خەڵك زۆر دڵی بەو ڕێككەوتنە خۆشە و وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت.
شوان كەریم زراری ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە (خواكـورك) ـی ڕاگەیاند، هیچ كێشەیەك نەكەوتووەتە ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان و هەموو ئەو دەنگۆیانەیش كە باس لەوە دەكەن دوورە لە راستییەوە، ڕوونی كردەوە كە ڕێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ دەكرێ و پارتی پابەندە بەوەی واژووی كردووە. ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دووپاتی لەوە كردەوە كە ڕێككەوتنەكە بۆ قۆناغی ئێستەی كوردستان زۆر گرنگە.
زراری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە خەڵك دڵخۆشن بەو ڕێككەوتنە و پێمان وایە داهاتوویەكی باشی دەبێت بۆ ئایندەی كوردستان، بۆیە نامانەوێ هیچ كێشەیەك بكەوێتە ڕێككەوتنەكە، ڕۆژی ۱۸ـی ئەم مانگە پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە پیرمام ڕێككەوتنی سیاسییان بۆ بەڕێوەبردنی حكوومەتی داهاتووی كوردستان واژوو كرد و هەردوولایش دووپات لەوە دەكەنەوە كە پابەندن بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە.