ناتانیاهۆ: ئێران دەیەوێت ئیسرائیل لەناو ببات پێویستە رێگا لە بەهێز بوونی سەربازی ئیران بگیرێت

 

لەگەڵ ئەوەی بەرەدەوامی میدیا و رایەدارەكانی ئیسرائیل و ئێران هێرشدەكەنە سەریەك, بەبەردەوامی لە كۆنفرانسە نێو دەوڵەتیەكان, بەشێكی گفتوگۆیەكان هێڕشكردنە سەر یەكە, ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆكی رووسیا كۆدەبێتەوە و باس لە سیاسەتی ئێران لە ناوچەكەدا دەكەن.

لە كۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا لەكاتی كۆبوونەوەی كابینەی حكومەتەكەیدا، بنیامین ناتەنیاهۆ رایگەیاند “پەیامێكی روونم بۆ رژێمی ئێران هەیە كە دەیەوێت ئیسرائیل لەناوببات. ئەویش ئەوەیە، ئیسرائیل لە هەنگاوە پێویستەكانی بۆ رێگریكردن لە بەهێزبوونی هێزی سەربازی ئێران لە سووریا بەردەوام دەبێت”.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە لە مۆسكۆ، بنیامین ناتەنیاهۆ چاوی بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆكی رووسیا بكەوێت و پرسی ئێرانیش بابەتی سەرەكی كۆبوونەوەكەی دەبێت.

بنیامین ناتەنیاهۆ دەڵێت “پێشتریش پەیوەندییەكی تەلۆفۆنیمان (لەگەڵ سەرۆكی رووسیا) هەبووە و قسەمان كردووە، پرسی ئێرانیش بابەتی سەرەكی قسەكانمان بووە. ئەمە ئەو شتە بوو كە لەسەری هاوڕابووین. هاوكات باس لە پەرەسەندنە هەرێمییەكان و شەڕانگێزییەكانی ئێرانیشی لەگەڵ دەكەم”.

جگە لە پرسی هەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا، بەگوتەی بنیامین ناتەنیاهۆ لەگەڵ پووتین “تاوتوێی میكانیزمەكانی بەهێزكردنی هاوئاهەنگی نێوان سوپای رووسیا و ئیسرائیلیش دەكەن، ئەوەش بۆ پارێزگاریكردن لە سەقامگیری و رێگریكردن لە بەرییەكەوتن لە ناوچەكەدا. ئەم گفتوگۆیانە بۆ سوپای ئیسرائیل و ئاسایشی ئێمە گرنگن”.

Back to top button