خوێندەواری نەخوێندەوار

زکری مووسا

ئەگەر لە هەرێمی كوردستان سوئی تەفاهوماتی قووڵی سیاسی هەیە،ئەگەر لێكترازان و ناوچەگەری و خۆبەكەمزانین هێشتا زیندووە ئۆباڵەكەی بەس تەنیا لەسەر شانی حزب و گرووپە سیاسییەكان نییە. بەشێكی زۆری لە ئەستۆی خۆبەڕووناكبیرزانان و بزاڤی ڕۆشنبیریی كوردییە. ئەوان یارمەتیدەری پەرتەوازەیی و دواكەوتوویی و تەسكبینیی بوونە لەناو كۆمەڵانی خەڵكدا.

ئەگەر سیاسییەكان جیۆگرافیا و سامان و هێزیان دروێنە كردبێت، ئەوان هزر و هۆش و ڕۆحی خەڵكیان لێكهەڵوەشاندووە. هەر ئەوانن رق لە كوردبوونیان داهێناوە. ئەوانن تەرویجی فەرهەنگی نەتەوە باڵادەستە داگیركارانیان كردووە و سەرلێشێوان و نائومێدیان فۆڕمۆلیزە كردووە.
لەلای ئەوانەوە هەموو جۆرە تەوەروەشێنی و دیلكوشتن و ناپاكی و خاكفرۆشی و ساختەكاری و جنێوفرۆشی جایزە ئەگەر لەدژی بزاڤی نەتەوەیی و سەروەریخوازی بێت. هەموو شتێكی قێزەوەن ڕەوایە ئەگەر بە ئاراستەی بچووككردنەوە و تێكشكاندنی ڕۆحی مرۆڤی كورد بێت. هەموو تابلۆیەك، گشت هونەرێك، هەموو ڕێكارێك شاكارە، ئەگەر بێتوو نامۆیی و ونبوون و سەرگردانی تێدا بەرجەستە بووبێت.

ئەوان لەبری یارمەتیدانی گەلە چەوساوەكەیان، ڕۆییشتن و شێتی ئایدیۆلۆژیا پیسوپۆخڵەكانی سەدەی بیستەم بوون. لەجیاتی لە دەنگی ویژدانی نەتەوەكەیان بگەن، كورنشیان بۆ تێرۆتێسكی و ماو و ئەو كڵێشانە برد كە خوێنیان لێ دەچۆڕا و مرۆڤیان لە هەموو سووچێكی دنیا بەند كردبوو.
تۆ لەوە گەڕێ ئەم خوێندەوارە نەخوێندەوارانە هیچیان بۆ گەلەكەیان پێ نەبوو، لە كولتووری مرۆڤایەتیشدا كۆلەوار بوون. لە فەرهەنگی ئینسانیدا دەستبەتاڵ و هەژار لە بازنەی مایەپووچیدا خولانەوە، تاكە كەشفی گەورەی خۆیان لەوەدا دۆزیەوە كوردبوون بە عەیبە بزانن.

گەلی كوردستان سەرباری هەموو گوشار و چەوساندنەوە و قڕكردن و داگیركاری، سەرباری بەردتێگرتنی ڕۆشنبیرانی، توانی بەرگری لە خۆی بكات و بمێنێتەوە.

ئەو ڕێگە سەخەتەی بە بێی ئەوان بڕی. بە بێ خوێندەوارە نەخوێندەوارەكان شەڕی ستەمكاری و داگیركارانی كرد. ئەژدیهای تیرۆری لە خاك گەوزاند. بە بێی ئەوان دەنگی دلێر و ڕەوای خۆی بە گوێی سیستەمە زاڵمانەكەی یاسای نێودەوڵەتی و جیهانیان گەیاند. مێژوو بۆ نەوەكانمان دەگێڕێتەوە گەلی كورد بە بێ ڕۆشنبیرەكانی شەڕی مان و نەمانی كرد و بردیەوە، لەڕاستیدا شاكار و بەهای مەزن ئەمەیە نەك هیچی تر. بەڵام تۆ ڕووناكبیر بیت یان ڕۆشنبیر ئەگەر خزمەتی گەلەكەت نەكردبێت، هیچ بەهایەكی نییە و مرۆڤایەتییش هیچت بۆ نانووسێت.

Back to top button