مەحموود محەمەد: تەنها لەسەر خالێك پەیوەست بە كەركووك لەگەڵ یەكێتی ناكۆك بوین, كەركووك تەنیا موڵكی لایەنێك نییە

لەگەڵ ئەوەی یەكێتی لە كۆبوونەوەی 18ـی شوباتی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی بەشداری نەكرد, وا بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆ ببنەوە, ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە كۆبوونەوەكانماندا لەگەڵ یەكێتی جەختمان لە یەكێتی خاكی نیشتمان و حوكمڕانی سەرتاسەری و سەقامگیری كردەوە.

مەحموود محەممەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەست بە پرسی كەركووك رایگەیاند، “كە لە هەموو خاڵەكانی رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی كۆك بووین تەنیا خاڵیك نەبێ كە تێڕوانینی جیاوازمان بۆی هەبوو، ئەویش ئەوەبوو كە ئێمە وتمان كەركووك و ناوچەكانی ماددەی 140 ئاسایی بكرێنەوە و رێككەوتنێك لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكەین دواتر پارێزگار هەڵبژێرین، بەڵام یەكێتی زیاتر ئەولەویەتی ئیشەكانیان ئەوە بوو كە پارێزگارێك دابنرێت بۆ كەركووك و دواتر ئاسایی كردنەوە و كارەكانی دیكە بخرێنەوە قۆناغێكی دیكەوە.

جەختیشی كردەوە كە كەركووك بە تەنیا موڵكی لایەنێك نییە بەڵكوو موڵكی هەموو لایەنەكان و خەڵكی كوردستانە، ئاشكراشی كرد، ئەندامانی پارتی بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە 18ی شوبات 12 واژوویان كۆكردەوە، بەڵام برادەرانی یەكێتی تەنیا دوو واژووشیان نەهێنا بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا كە لە پشوو دابوو بتوانێت كۆبوونەوە بكات .

Back to top button