حه‌شدی شه‌عبی رێكه‌وتنێكی مه‌ترسیدار له‌نێوان خۆی و سوپای عێراق ئاشكرا ده‌كات

خواكوڕك

وته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبی نهێنیه‌ك له‌نێوان خۆیان و سوپای عێراق ئاشكرا ده‌كات له‌باره‌ی رێكه‌وتنیان له‌سه‌ر ئه‌و جێگایانه‌ی كۆنترۆڵی ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی له‌میانی كۆنفراسی رۆژنامه‌وانی راگه‌یاندنی ئۆپه‌راسیۆنی سێیه‌می حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ سوپای عێراق رێكه‌وتین هه‌ر شوێنێكمان ئازادكرد تاكۆتایی له‌ شوێنه‌كه‌ بمێنینه‌وه‌.

وته‌بێژه‌كه‌ی حه‌شد له‌باره‌ی داهاتووی رێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌ڵێت، رێكه‌وتنه‌كه‌مان له‌سه‌رتای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ هه‌بووه‌ و پابه‌ندیش ده‌بین به‌و رێكه‌وتنه‌ و له‌داهاتووشدا هه‌روا ده‌بێت.

ئه‌سه‌دی ده‌شڵێت، به‌پێی زانیاریه‌ ته‌ناهیه‌كانمان ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له‌ نێوان ته‌له‌عفه‌ر و به‌عاج دا رۆژانه‌ هاتووچۆ ده‌كات.

ئه‌مرۆ 14/11/2016 هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ چوارچێوه‌ی شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵ ئۆپه‌راسیۆنی سێیه‌می به‌ره‌و خۆرئاوای موسڵیان راگه‌یاند.

Back to top button