سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد
سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە مەكسیم مەكسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق و شاندی یاوەری كرد و پڕسی كێشەكانی سووریا خرایە گفتوگۆ.
ئەمڕۆ سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە مەكسیم مەكسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق و شاندی یاوەری كرد لە دیدارەكەدا كە ڤیكتۆر سیماكۆڤ كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق سڵاوی سەرۆك پۆتین و وەزیری دەرەوە و نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و دووپاتی لە بایەخ و پێگەی هەرێمی كوردستان لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا و پەرەپێدانی نێوان پێوەندییەكانی هەردوولا كردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك پۆتین و حكوومەتی ڕووسیای كرد و پێزانینی هەبوو بۆ هەڵوێستی سەرۆك و حكوومەتی ڕووسیا لەمەڕ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكاندا، پێشوازیشی لە فراوانتركردن و هاوكاریی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی ڕووسیا سیاسەت و ستراتیجیی وڵاتەكەی لەبارەی پێشهات و دوایین گۆڕانكارییەكانی سووریا و هەروەها ڕۆڵی كورد لە ئاییندەی سووریا بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند. پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی نیگەرانی و بۆچوونەكانی خۆی لەبارەی ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا و ڕێگەچارەكان خستەڕوو و داوایشی كرد كە ڕووسیا ڕۆڵی هەبێت بۆ ڕێگەگرتن و كۆتایهاتن بە ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد لە سووریا. بۆ ئەو مەبەستەیش هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چارەنووسی كەركووك و هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.