بزۆتنەوەی گۆڕان دژی پرۆژەكەی “ماڵی مام” ھاتە دەنگ

سەرەڕای ئەوەی ٨٠ دۆنم زەویی باکووری شاری سلێمانی بۆ پڕۆژەی ماڵی مام تەرخان کراوە، بەڵام پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاگاداری پڕۆژەکە نین و چاوەڕوانن نەخشەی پڕۆژەکەیان بۆ بنێردرێت و بەرپرسێكی گوڕانش پێی وایە”شوێنەکە گەشتیارییە و ھەر شتێکی تێدا بکرێ، دەمرێت“

پاش ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا بە فەرمی لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانییەوە پڕۆژەی (ماڵی مام) لەسەر ڕووبەری ٨٠ دۆنم زەوی لە ناوچەی دەباشانی باکووری شاری سلێمانی ڕاگەیاندرا کە ڕووبەرێکی یەکجار گەورەی گەشتیارییە لە سنووری شارەکە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ئامادە نیە لەمبارەیەوە قسە بکات .

هەر لەمبارەیەوە بەناز حەمە ڕەشید، ئەندامی لێژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: ”کاتێک پڕۆژەیەک لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکرێ، ئەوا زیاتر دێتە لای لێژنەی پلان و پڕۆژەکان کە لایەنی جێبەجێکارن لە ئەنجومەندا، ھەروەھا بەدواداچوونی لەسەر دەکەین، بەڵام ئەم پرۆژەیەی (ماڵی مام) کە کراوە، نەھاتووەتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئێمەش تەنیا لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستوومانە و ئاگامان لێیەتی“.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگا کە لە فراکسیۆنی گۆڕانە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”ئەو پرۆژەیە زیاتر وەک شتێکی حزبی دەبینم کە بەناوی مام و یەکێتییە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوان ”بەدواداچوون لەسەر پڕۆژەکە دەکەن و زانیاریی وردی لەسەر کۆ دەکەنەوە، واتە بۆ ئەو زەوییەی پڕۆژەکەی لەسەر دروست کراوە، چونکە شوێنەکە گەشتیارییە و ھەر شتێکی تێدا بکرێ، دەمرێت“

Back to top button