نا شایستەترین دیاری
عومهر بهكر
چاوەڕوان دەکرا دەستپێکی یادی (۲۳۲) ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی زەنگی خوێندن و کردنەوەی دەرگای قوتابخانە و زانکۆکان، بێت.. پێشبینی وابوو لە بەرەبەیانی ئەو رۆژەدا سەرجەم فەرمانبەر و کاربەدەستانی ئەو شارە بە جلوبەرگی ئاڵ و واڵای کوردانەوە روو لە فەرمانگەکان بکەن و بگەڕێنەوە خزمەتی راییکردنی کاروباری هاوڵاتیانی خۆڕاگری شارەکە و جارێکی دیکە بەگژ قەیران و دەردەسەریەکاندا بچنەوە…
هەرگیز خەیاڵ بەلای ئەوەدا نەدەچوو، دوای ۲۳۲ ساڵ خەبات و قوربانیدان، کەسانێک هەبن جورئەت بکەن لە دڵی سلێمانیدا هوتاف بۆ عێراق چیەتی و گەڕانەوە بۆ باوەشی بەغدا لێبدەن..! ئاخر (وەبیرم دێ سلێمانی کە دار و مولکی بابان بوو….)
نەمدەزانی روژێک دادێت دەم سپی و هەڵبژێردراو و دەسەڵاتدارانی شاری نالی و شێخی نەمر کەسانێک بن، بەو ئاسانییە پشت لە سەربەستی و ئازادی، پشت لە سەربەخۆیی شار و وڵات، لە یادی پڕ شکۆی دامەزراندنیدا، ناشایستە ترین دیاری بە گەردەنی سلێمانیدا بکەن و (سلێمانی) بکەنە دیاری ئاغاکانی بەغدا و تاران..!!
یادت پیرۆز شاری شاران، هەزار سڵاو بۆ دڵسۆزان و خەڵکی خۆڕاگر و بە ئەمەکت… یادت بەرزە وەکو چیا، وەکو ئاسمان، تۆ ناشکێی بە پیرێژنە و کاکی گردەوان….