سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆکی پێشووی فەرەنسا کۆ بووەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی 2ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە فڕانسوا هۆڵاند سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك هۆڵاندی كرد و بە دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستانی وەسف كرد كە لە ڕۆژانی سەخت و تەنگانەی شەڕی تیرۆردا سەردانی كوردستانی كردووە و ئەو سەردانە ورە و ئومێدی گەلی كوردستانی بەرز كرد. هەروەها ڕاشیگەیاند كە گەلی كوردستان ئەو هەڵوێستە لەبیر ناكات و خۆی بە قەرزاری سەرۆك هۆڵاند دەزانێ.
سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی فەڕەنسایشی كرد كە هەمیشە پشتیوان و دۆستی مەزنی گەلی كوردستان بوونە و دۆستایەتیی لەگەڵ گەلی فەڕەنسا كە گەلێكی خاوەن پڕەنسیپە، بە شانازییەكی گەورە زانی.
هەر لەو كۆبوونەویەدا سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا پێزانینی بۆ قارەمانێتی و بوێری و قوربانیدانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی دژی داعش و خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی كە ئێستا قۆناغێكی تر لە كوردستان هاتووتە ئارا و داعش تێكشكاوە و هەڵبژاردن كراوە و پڕۆسەی دیموكراسیش لە كوردستان بەهێز و بەردەوامە و، ڕایگەیاند داهاتوویەكی گەش و پێشكەوتن چاوەڕوانی كوردستان دەكات. سەرۆك هۆڵاند سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد كە بوونەتە پەنای ئاوارە و لێقەوماوان و یارمەتیی پێكهاتەی مەسیحی و ئێزیدییەكانیان داوە. ئەوەیشی خستەڕوو هەڵوێستی فەڕەنسا لەبەرانبەر گەلی كوردستان نەگۆڕە و بە گۆڕانی دەموچاوی سیاسییەكان ناگۆڕێ، بەڵكو فەڕەنسا هەمیشە پشتیوانی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر هەڕەشەی تیرۆرو توندڕۆیی لەسەر ئاسایشی جیهان و ڕێگەكانی نەهێشتنی هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر و شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆر.
هەر لەو دانیشتنەدا بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی مەسیحی و ئێزیدییەكانی كوردستان و ڕەوشی ئاوارەكان و دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزاری بۆ خەڵك لە ناوچە ئازادكراوەكان تاوتوێ كرا.
بارودۆخی سووریا و ئاییندەی گەلی كورد لەو وڵاتە تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو و وێڕای باسكردنی دوایین پێشهاتەكان، هەردوولا جەختیان لە پاراستنی گەلی كورد و ڕێگەگرتن لە ئاوارەبوون و ئازار و نەهامەتی زیاتر بۆ كورد لە سووریا كردەوە.