گۆڕان مستەفای سەید قادر بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم کاندید دەکات

هەرچەندە جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان کاندیدانی بزووتنەوەکە بۆ پۆستەکانی داهاتوویان لە حکوومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان یەکلا دەکاتەوە، بەپێی زانیارییەکانی (خواكورك) لە سەرچاوەیەکی باڵای نێو گۆڕانەوە دەستی کەوتووە، مستەفای سەید قادر کاندیدی گۆڕان دەبێت بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕاگەیاندووه‌: چەند ڕۆژێکی دیکە، جڤاتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە و میکانیزمی چۆنیەتیی پڕکردنەوەی پۆستەکان دیاری دەکات و دواتر کاندیدەکانمان بۆ پۆستە جیاوازەکانی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵدەبژێرین، هه‌ر چه‌نده‌ کۆتاییان لەبارەی کاندیدکردنی هیچ کەسێک نەداوە. ئەو دەنگۆیانەشی ڕەت کردەوە کە باس لە ناردنی ٦ هەزار سیڤی بۆ مەکۆکانی گۆڕان دەکەن و گوتی: ”تائێستا ٤٠٠ سیڤیشمان بۆ نەهاتووە.

شێخانی دەربارەی کاندید کردنی مستەفای سەید قادر، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم، ھێمن شێخانی، ئاماژەی بەوەدا: تاوەکو ئێستا کاك مستەفای سەید قادر، باسی وەرگرتنی ھیچ پۆستێکی نەکردووە، بەڵام ئێمە خەڵکی باشمان بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە ھەیە کە دەتوانن ئەو پۆستانە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەبەرن دواجار جڤاتی نیشتمانی بڕیار لەسەر پڕکردنەوەی تەواوی پۆستەکان دەدات.

شێخانی باسی لەوەشکرد: ئێمە کاتێك بڕیارمانداوە بەشداری حکوومەت بکەین ڕێککەوتنمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، ئامانجمان درووستکردنی یەک ڕیزی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە بەڵام ئەوەی ئێستا یەکێتی بەرامبەر ئێمە دەیکات دەبێ یەکێتی بیر لە دوو ڕۆژی دیکە بکاتەوە، چونکە ئێستا یەکێتی خەریکی ڕێککەوتنە لەگەڵ پارتی و دواجار ئەوانیش لەگەڵ پارتی ڕێکدەکەون، بەڵام ڕێککەوتنەکەی ئێمە لەسەر کۆمەڵێک خاڵە بۆ خزمەتکردنی خەڵک دواجار ئێمە خۆمان ناخەینە ئەو ئاستە نزمەی یەکێتی و وەڵامیان نادەینەوە”.

 

Back to top button