مەسرور بارزانی پێشوازی لە بالیۆزی رووسیا لە عێراق دەكات
دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوویەوە بالیۆزی رووسیا سەردانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی كرد لەگەڵ مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە, مەكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق و شاندی یاوەری پەرەسەندنەكانی رەوشی سوریا، بەتایبەتی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فوراتیان تاوتێوكرد, جەختی لە دیالۆگ و چارەسەری سیاسیانەی رەوشەكە بە بەشداری نوێنەری گشت پێكهاتەكان كردەوە و رایگەیاند: “پێویستە لە گفتوگۆكاندا گەرەنتی ماف و ئاسایشی گەلی كورد لەو وڵاتەدا بدرێت”.
لەو دیدارێكدا كە ڤیكتۆر سیماكۆڤ كونسوڵی گشتی رووسیا لە هەولێر ئامادەی بوو، دوا پێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەكانی ناوچەكە ئاڵۆگۆڕ كرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و روسیا لە گشت بوارەكان كرایەوە.
وێڕای روونكردنەوەی بایەخی تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی حكوومەتی فیدراڵ، تیشكخرایە سەر میكانیزمی چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، پەیوەست بەوە مەسرور بارزانی دووپاتی لە خواستی هەرێمی كوردستان كردەوە، كە پابەندبوون و جێبەجێ كردنی دەستوورە وەك رێگەچارەی بەدیهێنانی سەقامگیری و رایگەیاند، پێویستە لە یەكلاییكردنەوەی پرسەكان دەستوور حەكەم بێت.
پەرەسەندن و زیادبوونی جموجۆڵەكانی داعش و مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بە ناو و شێوازی جیاوە بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو، لەمبارەوە مەسرور بارزانی رایگەیاند، پێویستە بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی كاری جدی بكرێت بۆ چارەسەركردنی هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر، هاوكات دەبێت شەڕی هزری توندڕۆیی لە ئاستە جیاوازەكاندا دەست پێ بكرێت.
هەوڵ و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قوڵتركردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا، بەشێوەیەك لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.