نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی فه‌ره‌نسای له‌كاته‌ سه‌خته‌كاندا له‌ لابردنی ئابلووقه‌ی سیاسی و دیپلۆماتی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌رزنرخاند

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26/2/2019 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز فرانسوا ئۆڵاند سه‌ركۆماری پێشووی فه‌ره‌نسا و دۆستى گه‌لى كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌  قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌ی بوو، به‌ڕێز ئۆڵاند وێڕاى ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌م سه‌ردانه‌، پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی سه‌ردانه‌‌كه‌ی و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى چه‌ند ناوچه‌یه‌كی مووسڵ و به‌شدارییان له‌ ڕێوڕه‌سمی پێشكه‌شكردنی خه‌ڵاتی شه‌هیدی ڕۆژنامه‌وان شیفا گه‌ردی پێشكه‌ش كرد، هه‌روه‌ها باسی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعش و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كرد‌ و ده‌ستخۆشی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ كرد بۆ حه‌واندنه‌وه‌ و پاراستنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، جه‌ختیشى له‌ گرنگیى هه‌ماهه‌نگیی نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی پێویست له‌ ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كان كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌  نێچیرڤان بارزانى سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و دۆستایه‌تیى به‌ڕێزیان و هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی فه‌ره‌نساى بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا كرد و ڕۆڵی فه‌ره‌نسای له‌ لابردنی ئابلووقه‌ی سیاسی و دیپلۆماتیی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌ گرفته‌كان كرد و پشتگیریى هه‌رێمی كوردستانی بۆ حكوومه‌تی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆوه‌، دووپات كرده‌وه‌.

باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌ئارادایه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئێستا هه‌ماهه‌نگیی ‌نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی میكانزمێك بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان، وێڕاى ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ولێر و به‌غدا له‌ چه‌ند بواری دیكه‌دا‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ گفتوگۆدان.

 

Back to top button