كیم جۆنگ ئوون: بۆ دیداری لەگەڵ ترەمپ گەیشتە ڤێتنام
دوای ئەوەی وا بڕیارە لوتكەی دووەمی دیداری نیوان هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و كۆریای باكوور.لە شاری هانۆی پایتەخی ڤێتنام ببەسترێت, ئەمڕۆ رێبەری كۆریای باكوور لە رێگەی شەمەندەفەرێكی سەوز، دوای دەیان كاژێر لە گەشتەكەی گەیشتە ڤێتنام كە دووری نێوان ئەو دوو وڵاتە نزیكەی چوار هەزار و 500 كیلۆمەتر دەبێت.
كیم جۆنگ ئوون، رێبەری كۆریای باكوور ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-2-2019) دوای بڕینی نزیكەی 60 كاژێر بە شەمەندەفەر، گەیشتە شاری دۆنگ دانگ لەسەر سنووری ڤێتنام و بەگەرمییەوە لەلایەن بەرپرسانی ڤێتنام و خەڵكی ئەو وڵاتە پێشوازی لێكرا.
رێبەری كۆریای باكوور، لە 23ـی شوباتەوە لە پیۆنگیانگی پایتەختی وڵاتەكەی بەڕێكەوتووە، سەرەتا چووەتە چین و دواتریش لە چینەوە بەرەو ڤێتنام هاتووە.
گەیشتنی كیم جۆنگ ئوون بۆ ڤێتنام لەكاتێكدایە، كە بڕیارە رۆژی چوارشەممە لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كۆببێتەوە.
لەبارەی هۆكارەكانی گەشتەكەی كیم جۆنگ ئوون بە شەمەندەفەر لەبری فڕۆكە، كە تەنیا دوو كاژێری پێدەچوو، رۆژنامەكان دەڵێن، رەنگە لەبەر ئەوەبێت كە، كیم ئیل سۆنگ، باپیری كیم جۆنگ ئوون لە ساڵەكانی 1958 بۆ 1964 بەشەمەندەفەر گەشتی بۆ ڤێتنام كردووە و دووری نێوان وڵاتەكانیان نزیكەی چوار هەزار 500 كیلۆمەتر دەبێت.
لووتكەكەی ترەمپ و كیم
رۆژانی 27 و 28ـی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و كیم جۆنگ ئوون، رێبەری كۆریای باكوور لە شاری هانۆی پایتەختی ڤێتنام، دووەم كۆبوونەوەی لووتكە دەكەن.
لووتكەی یەكەمی نێوانیان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2018 بوو لە وڵاتی سەنگاپوور و هیچ رێككەوتنێكی واژۆكراوی لێنەكەوتەوە، ئێستا گەشبینیی بەرامبەر بە لووتكەی دووەم زیاترە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەڵێ “من پەرەم بە پەیوەندییەكی زۆر باش داوە لەگەڵ كیم جۆنگ ئوون. با بزانین ئەوە بەرەو كوێمان دەبات، بەڵام ئەو هەرگیز (پەیوەندی) لەگەڵ هیچ كەسێكی ئەم وڵاتەی ئێمە نەبووە، هێندەی لەگەڵ من هەیەتی. هەندێ میدیا دەڵێن ئاخۆ ئەمریكا لەم نێوانەدا چی لەدەستدابێت ؟ من دەڵێم ئێمە هیچمان لەدەستنەداوە، سزاكان كاری خۆیان كردووە، سزاكانی سەر كۆریای باكوور وێرانكەرن، بەڵام دواجار من هەستێكی باشم هەیە بەوەی ئەم كۆبوونەوانە بەرەو شتێكی زۆر باشمان دەبەن، لەوانەشە وا نەبێت. هەرچەندە من هەستدەكەم دواجار بەرەو شتێكی باشمان دەبەن”.
كۆریای باشوور، زیاتر لە هەر وڵاتێكی دیكە، چاوەڕێی ئەنجامەكانی لووتكەكەیە و ئومێدەوارە ئەم لووتكەیە هەنگاوێكی دیكەی جیدی بێت لە داماڵینی نیمچە دوورگەكە لە چەكە ئەتۆمییەكان.
كانگ كیونگ وها، وەزیری دەرەوەی كۆریای باشوور دەڵێ “لە ماوەی ساڵی رابردوودا گۆڕانكاری بەرچاو لە نیمچەدوورگەی كۆریا روویانداوە. دیالۆگی نێوان هەردوو كۆریا لە یارییەكانی ئۆڵۆپمیادی زستانەی پیۆنگ چانگ لە شوباتی ساڵی رابردوو بووە هۆی ئەوەی سێ لووتكەی نێوان هەردوو كۆریا و یەكەمین لووتكەی ئەمریكا و كۆریای باكوور بكرێن، بەم شێوەیە رێگەی كۆتاییهێنان بە چەكداماڵینی ئەتۆمی و ئاشتییەكی بەردەوام لە نیمچەدوورگەی كۆریا كرایەوە”.
كیم بە رێگەی شەمەندەفەر و ترەمپیش بە رێگەی فڕۆكە خۆیان دەگەیەننە هانۆی؛ وردەكاری بەرنامەی كۆبوونەوەكان هێشتا دیار نین، بەڵام دیارە كە باسی هەرە لە پێشی گفتوگۆكان چەكداماڵینی ئەتۆمییە و ئەگەری سووككردنی سزاكانی ئەمریكایە لەسەر كۆریای باكوور.