تۆ باوەڕ بەم قسانە مەکە! بەس ڕوو ئەدات!

بارزان عەلی حەمە
هەندێ شار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت بەسووڕی وێرانەدا بڕۆن، سێرت و دیمەشق و حەلەب و ڕەقە و موسڵ و پێشتریش کابوڵ و بەغداد ڕۆشتن، بەدووایدا سەنعا و تەعز !
پرۆسەی وێران کردنی شارێک، هەر لەخۆڕا و عەفەوی ڕوو نادات. هەلومەرجی لەباری جوگرافی و ئامادەیی خەڵکەکەی و کنەدان و هاندانی تا ئەو ئاستەی کە بۆ قووتار بوون لە خراپێک، بیر لەخراپترێک بکەنەوە! ئەمانە تێکڕای هەلومەرجەکانن!
هەر شارێک کە بۆ ماوەیەک هەژار کرا و خەڵکەکەی بێ ئومێد کرا و لە پرۆسە سیاسییەکانی ڕۆژگار داماڵرا و کرا بەگژ موقەدەساتی نەتەوەیی و ئاینی و فەرهەنگی خۆیدا، ئەوە واتای ئەوەیە کە ئەو شارە ئامادە کراوە تا بەسووڕی وێرانەدا ببرێت!
هەرچەند لێکی دەدەمەوە، چەندین شار کاندیدن کە وێران بکرێن و لەنێویشیاندا سلێمانی لەنزیکترین پلەی سەڕەکەدایە، ئەم شارە لە ئایندەدا، دەکەوێتە جەرگەی پیلانە نێودەوڵەتییەکانەوە، هەموو هەلومەرجەکان بۆ ئەم ڕووداوانە لەبار و گونجاون و هیچ لەمپەرێکی لەبەردەمدا نەماوە!
ڕاستە کورد تائێستا سەربەخۆیی بەدەست نەهێناوە و بەدەستهاتووەکانی کەمترن لە ئاستی تموحەکانی، بەڵام ئەوەی لە ماوەی پاش ڕووخانی سەدام کورد بەدەستی هێناوە، زیاتر بووە لە هەموو پێشبینیی دوژمنەکانی، نەیارەکانی کورد، دەیانەوێت بیر لەسیاجێک بۆ ڕێگرتن لە پێشڕەوییەکانی کورد بکەنەوە!!
باسەکەی من هێندە لۆکاڵی نییە تاکو تۆ باسی مووچە و قووت و شتی وای تێ هەڵدەیت. من باسی نەخشەی ئایندەی شەڕی ناوچەکە دەکەم کە حەتمەن بەداخەوە سلێمانیشی لەناودایە، ماقووڵ نییە شارێک بەم هەموو عەسەبێتی و ناڕەزایەتییەوە، ئەهریمەنە زلهێزەکان بۆ جەبهەکانیان بەکاری نەهێنن!!
سنوری دەسەڵاتدارێتی ئێران تا بێت بەرتەسک دەکرێتەوە، ئایندە لەبەرژەوەندی ئێراندا نییە، تا دێت هەرێمە هاوپەیمانەکانی ئێران، لە گوێڕایەڵی شیعی و نفوزی ئایەوڵاکان دوور دەخرێنەوە! هەرشار و ناوچەیەک گوێڕایەڵ و هاوپەیمانی ئێران بێت، تاڕادەی هەڵچوون برسی دەکرێت و ئاگری شەڕیشی تیا هەڵدەکرێ!
لەدووا هەناسەدا ئێران بیر لەبەرگری فیزیکی دەکاتەوە و بە چواردەوری سنورەکانیدا، ئاگر دەکاتەوە، سوپای ئێرانی تاقووڵایی سلێمانی لەشکرکیشی دەکات، هێزە لۆکاڵییە کوردییەکان بۆ دووبەرەی دژبەیەک دابەش دەبن، پاشماوەی ئەم جەنگانە، وێران بوونی سلێمانی، یان باشتر بڵێین، بە موسڵ بوونی سلێمانی لێ دەکەوێتەوە، ئەم شارە بۆ سەد ساڵ پاش خۆی دەگەرێنرێتەوە، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەمیشە خراپێک بۆ خراپترێک دەگۆڕێت، سلێمانی، لەئایندەدا وێران دەبێت، گەرچی فەرمانڕەواکانی ئێستای کوردستان، لە ناو پێناسەکانی (خراپ) دان. بەڵام فەرمانڕەوای ئایندە، لەمانەی ئێستا خراپتر دەبێت، گەرچی سلێمانی هەژار کراوە، بەڵام ئاماژەکان بۆ هەرارتر بوونن، سلێمانی کاندیدی ئایندەی زلهێزەکانە بۆ وێران بوون، کوردستانی باشوور بۆ دوو بەش دابەش دەبێت و سنورەکانی سلێمانی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵ دەکرێت و بەجەبری عەسکەری بۆ ماوەیەک کۆڵۆنیاڵی ئێران دەبێت، بەس زۆر ناخایەنێت٠ هەولێر و ڕۆژئاوای کوردستان یەک دەگرن، حیکایەتەکان هی سێ کوردستانن و هەرگیز کوردستانی یەک پارچە ڕوو نادات!
ئێوە بە فشقیاتەوە ئەم قسانەم لێ وەربگرن، بەڵام من ڕۆژێک ئەم پێشبینییەمتان بیر دێنمەوە!!
ئێستا سلێمانی پێویستی بەچەند ژیرێکە بیری بۆ بکاتەوە!

Back to top button