نووسراوێكی وەزارەتی تەندروستی کە واژووی د.ڕێکەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی لەسەرە دەبێتە گاڵتەجاڕی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان

نووسراوێكی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە واژووی رێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستی لەسەرە دەبێتە گاڵتەجاڕی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و نووسەرێكیش ڕەخنەی توندی لێ‌ دەگرێ‌ و زمانی نووسینی نووسراوەكە بە ئەنفالكردنی زمانی كوردی دادەنێت.

لە نووسراوێكدا وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بە كردنەوەی نەخۆشخانەی چەكی كیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام لەناو نووسراوەكەدا زیاتر لە ۱٥ هەڵەی زمانەوانی تێدایە، تەنانەت ناوی وەزیری تەندروستی بە هەڵە نووسراوە.

ئەو نووسراوە كە “خـواکورك” كۆپییەكی بە دیاركردنی هەڵەكانەوە بڵاو دەكاتەوە بووەتە جێی گاڵتەی شارەزایانی زمانی كوردی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا. كامەران سوبحان نووسەر لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئەو نووسراوە بە ئەنفالكردنی زمانی كوردیی داناوە و نامەیەكیشی ئاراستەی وەزیری تەندروستی كردووە و تیایدا نووسیویەتی،” ئەم نووسراوەم بینیی كۆڵێ خەجاڵەت بووم، كە بڕیارێك بۆ كردنەوەی (نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمیاویی لە هەڵەبجە) لەچەند دێڕێكی كەمدا ئەو هەمو هەڵە زمانەوانیی و ڕێنووسەی تێدایە و ئێوەش بە قەڵەمە سورەكەتان، واژووتان كردووە”. سوبحان دەڵێ‌، لە هەمووی كۆمیدی تر تەنانەت ناوی (باوك و باپیریی) وەزیر، بەهەڵە نووسراوە.

یەكەمجار نییە حاڵەتی لەمشێوەیە ڕوو دەدات، پێشتریش چەندان دامەزراوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵەی نووسینیان هەبووە.

Back to top button