پەرلەمانتارێك: چوار وەزارەتی بەتاڵی حكوومەتی نوێی عێراق یەكلا كراونەتەوە..
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند كە هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیروون لەسەر تەواوكردنی كابینەی نوێی حكوومەت و پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان لە وەرزی نوێی یاسادانان رێككەوتوون و لە دانیشتنەكانی سەرتای ئەم وەرزەی پەرلەمان كابینەی حكوومەت تەواو دەكرێت و سەرانی لیژنە هەمیشەییەكانیش دیاری دەكرێن.
فازڵ فەتلاوی رایگەیاند، لیژنەكانی لە هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیروون پێكهێنراون، هەموو ناكۆكییەكانیان لەبارەی وەزارەتەكانی ماوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان یەكلا كردووەتەوە و روونی كردەوە، رێككەوتنی فەتح و سائیروون رێككەوتنی تەواوی پێكهاتەكانی هەردوو هاوپەیمانیەتی ئیسڵاح و بینایە، چونكە ئەوان لایەنی سەرەكی دوو هاوپەیمانیەتییەكە پێك دێنن.
زیاتر گوتی، هەموو كاندیدانی چوار وەزارەتی ماون، بەتەواوەتی رێككەوتنیان لەسەر كراوە بێ مانەوەی هیچ ناكۆكییەك كە تێپەڕاندنیان لە دانیشتنەكانی سەرەتای وەرزی نوێی پەرلەمان پەك بخات، بۆیە دانیشتنەكان خستنەڕووی ناوی كاندیدان بە فەرمی و دەنگدان لەسەریان و دیاریكردنی سەرانی لیژنەكانی پەرلەمان لەخۆ دەگرێت.
شایەنی باسە لە تشرینی یەكەمی 2018 دەنگ لەسەر بەشێكی كابینەی حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی و پڕۆگرامی حكوومەتەكەی درا و لەو ساتەوە نەتوانراوە كابینەكە تەواو بكرێت بەهۆی بوونی كێشەیەكی قووڵ لەسەر كاندیدانی هەرچوار وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و داد و پەروەردە.