سەرکردەیەکی گۆڕان: یەکێتی لە پێنج ڕێککەوتنیدا لەگەڵ گۆڕان پەشیمان بووەتەوە

سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد کە تاوەکوو ئێستا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٥ ڕێککەوتن و پەیمانی لەگەڵ حزبەکەی جێبەجێ نەکردووە.

ئاوات شێخ جەناب، ئەندامی شاندی دانوستانکاری گۆڕان، بە میدیاکانی حزبەکەی ڕاگەیاندووە، پێنج ڕێککەوتن لە نێوان گۆڕان و یەکێتیدا هەیە کە یەکێتـی لێیان پەشیمان بووەتەوە و جێبەجێی نەکردوون کە ئەوانیش (رێککەوتنی دەباشان، پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی، پەیمانی ھەمواری یاسایی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، رێککەوتنی سیاسیی نێوان یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلولی رابردووە).

ناوبراو ڕێککەوتنەکەیانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە ”دەستکەوتێکی باش بۆ خەڵکی کوردستان و گۆڕانیش“ وەسف دەکات و پێیوایە بەهۆی ئەوەی بەرنامەی چاکسازی لە کارنامەی حکوومەتدا جێی دەکرێتەوە، ئەو دەستکەوتە بەدەست هاتووە.

Back to top button