ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسيۆنه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌

بڕياره‌ ئه‌مڕۆ، ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى فراكسيۆنه‌كان كۆببێته‌وه‌.

بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆك فڕاكسیۆنەكان كۆ ببنەوە و لەسەر دابەشكردنی لیژنەكان ڕێكبكەون و نوێنەری یەكێتیش ئامادە دەبێت.

سەرچاوەیەك بە (خـواكورك) ـی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ یەكێتیش نوێنەری بۆ كۆبوونەوەكە دەنێرێت بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر وەرگرتنی لیژنەكان كە ڕەنگە بێگەرد تاڵەبانی بێت.

دوێنێ‌ لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لیژنەی یاسایی هاتە هەڵبژاردن و پێویستە لە ماوەی 10 ڕۆژی تر لیژنەكانی تری پەرلەمان دیاری بكرێن كە 15 لیژنەیە و هەر لیژنەیەكیش لە 11 ئەندام پێك دێن.

ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە 6ـی تشرینی دووەم سوێندی یاساییان خوارد كە خولی پێنجەمی پەرلەمان بوو تا ئێستە دانیشتنێكی نائاسایی و دانیشتنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجام دراوە.

فڕاكسیۆنی یەكێتی لە دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستە ئامادە نابێت بەهۆی ئەوەی ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی نەكردووە و نەشیتوانیوە سەرۆكی پەرلەمان دیاری بكات كە پشكی ئەوە، ئێستە پارتی بەشێوەی كاتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

Back to top button