شەممەی داهاتوو پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە
بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ ببنەوە بەمەبەستی گفتوگۆكردن بۆ كۆتاهێنان بە كێشەكان.
ئەمڕۆ میدیای فەرمی یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە، هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارە رۆژی شەمووی هەفتەی داهاتوو كۆ ببنەوە، ئاماژە دراوە شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات و بڕیارە لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێكی گرنگ و تایبەت بە بارودۆخی سیاسی هەرێم و ناوچەكە بكەن.
ئەو كۆبوونەوەیەی یەكێتی و پارتی لە كاتێكدایە دواین كۆبوونەوەیان لە ۱۸ـی شوبات بوو كە نەگەیشتن بە هیچ ئەنجامێك، بۆیە كێشەكانی نێوانیان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
پێشتر پارتی و یەكێتی ڕێككەوتنێكی ۱۸ خاڵییان هەبوو لە نێوانیاندا، بەڵام یەكێتی لە ڕێككەوتنەكە پەشیمان بووەتەوە كە لە ڕۆژی پێنجی شوبات ڕێككەوتنەكەیان ئەنجام دا.