جێگری سەرۆك پەرلەمانی كوردستان: رێگا نادەین لە سامانی گشتی ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران بكڕدرێت

 

دوای ئەوەی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا, ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبوونەوە, لە كۆبوونەوەكەدا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پرۆسەی چاكسازیان لەناو پەرلەمان دەستپێكردووە و “رێگەنادەن لە بودجەی گشتی هاوكاری بێ بنەما بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ پەرلەمانتار خەرجبكرێت، رێگەنادەن لە سامانی گشتی بابەتی ئۆتۆمبێل كڕین رووبدات”.

لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، لە راگەیێندراوێكدا هێمن هەورامی دەڵێت، پاش ئەوەی لە دانیشتنی رۆژی 18ـی شوبات وەك دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە متمانەیان پێدراوە، لەگەڵ سەرۆك و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەستیان بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئیداری پێویست كردووە بۆ “شەفافیەتی زیاتری كاری پەرلەمان، هەرچی باشتر رێكخستنەوەی كاروباری ئیداری پەرلەمان، چەسپاندنی دادپەروەری و شەفافیەتی زیاتر، نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی و رێكخستنەوەی خەرجییەكان”.

هێمن هەورامی دەڵێت “وەك دەستەی سەرۆكایەتیی ئێستای پەرلەمان، لە خۆمانەوە دەستمان پێكرد و ئەو كراوەییەی لە دەسەڵاتی خەرجی دارایی و هاوكارییەی كە دەستەی سەرۆكایەتی هەیبوو، نەمانهێشتووە. لە رۆژانی رابردوو، لەگەڵ سەرجەم راویژكارەكان و بەڕێوەبەركانی ناو پەرلەمان كۆبووینەتەوە و ئەم سیاسەت و شێوەی كارەمان بۆ روونكردوونەتەوە. رامان گەیاندووە، بەرزكردنەوەی پلە بە میزاج و نایاسایی بە تەواوی رەتدەكەینەوە، دیاردەی واستە و واستەكاری، بەهەدەردانی بودجە و میزاجییەت لە هاوكاری و ئیمتیازات بە تەواوی رەتدەكەینەوە”.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ (27ی 2ی 2019) لەگەڵ سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنە بەڕێزەكانی پەرلەمانی كوردستان، پێمان راگەیاندن كە بەبێ هیچ جیاوازییەك، بۆ كاری پەرلەمانتاری پرەسنیپی دادپەروەری بەرامبەر سەرجەم پەرلەمانتارە بەڕێزەكان دەگرینەبەر. پێمان راگەیاندن، بەپێچەوانەی خولەكانی دیكە رێگەنادەین لە بودجەی گشتی هاوكاری بێ بنەما بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ پەرلەمانتار خەرجبكرێت، رێگەنادەین لە سامانی گشتی بابەتی ئۆتۆمبێل كڕین رووبدات”.

هێمن هەورامی دەشڵێت “لەبری ئەوە، پێشنیازمان بۆ كردوون كە شەفافانە، مانگانە بڕی لە 2%ـی مووچەكانیان بخرێتە سندووقێك و پەرلەمانی كوردستانیش بە هەمان بڕ، هاوكاری ئەو سندووقە بێت بۆ حاڵەتی تەندروستی و حاڵەتی لەناكاو و پێویستیان. ئەوەش بۆ بنبڕكردنی بەهەدەردان و بڕیاری میزاجیانە. بۆ كاروباری گواستنەوە و كاری رۆژانەی پەرلەمانتاران و هاتوچۆی شار و شارۆچكەكان و بەسەركردنەوەی هاووڵاتیان، پێمان راگەیاندن كە چاوەڕێی ئەوە نەبن لە بودجەی پەرلەمان ئۆتۆمبێل دابینبكرێت، لەبری ئەوە چەند پیشنیازێكیان پێدراوە، كە بە قیستی مانگانە لە مووچەكانیان بە زەمانەتی پەرلەمان ئۆتۆمبێل بۆ خۆیان دابینبكەن”.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەختدەكاتەوە “شێوازی كاری ئێمە شەفافانە بەردەوامە بۆ ئەوەی پەرلەمانێكی بەهێز و كراوەمان هەبێت. پرس و راوێژ بە فراكسیۆنە بەڕێزەكان بۆ كاروباری پەرلەمان و ئیدارەدانی نەهجی ئێمەیە”.

Back to top button