شێخ جەعفەر بەتووندی وەڵامی پرۆژەی هەڵوەشاندنەوەی كوردستان دەداتەوە

خواكوڕك
 
پاش ئەوەی ئارام شێخ محمەد و ئەندام پەرلەمانتارانی گۆڕان و باڵی ماڵبات و كۆمەڵ پرۆژەی هەڵوەشاندنەوەیان لەناو خۆپێشاندانی سلێمانی خستە روو، كاردانەوەی تووندی بەدوای خۆی دا هێنا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەسەر ئەو دەنگۆیانە، هێرشی تووندی كردە و رایگەیاند پێویسته‌ شەرم بیانگرێ.
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و فەرماندەی گشتی هێزی یەكەی حەفتا رایگەیاند خه‌بات و قوربانییه‌كانی هێزی پێشمەرگە كه‌ لە سەنگەرەكانی بەرگریكردن لە ناوچە دابڕێندراوەكانی نیشتیمان دژ بە تیرۆریستانی داعش وەستاوە و، توانیویەتی لەم رەوشە نالەبارەدا ئەركەكانی خۆی بەوپەڕی سه‌ركه‌وتووییه‌وه‌ جێبەجێ بكات، كه‌ ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبووایە كوردستانیش وەكو مووسڵ و ناوچەكانی تری لێ دەهات، بە پێویستی ده‌زانێ لایەنە سیاسییەكانیش له‌ ئاساتی به‌رپرساره‌تیی قۆناغه‌كه‌دا بن وگوتی ”پێویسته‌ شەرم بیانگرێ و رێگە نەدەن كێشەكانیان پەرە بستێنێت؛ دەبێ ململانێكانیان بە گفتوگۆ چارە بكەن و زیان بە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان نەگەیەنن.”
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا هەروەها دەشلێت : “لەم كاتەدا پاراستنی یەكریزیی نێوماڵی كورد زۆر زۆر پێویستە، چونكە ئێمە بە یەكێتی و یەكڕیزی دەتوانین دەستكەوتەكانمان بپارێزین و كوردستان بەرەو سەركەوتن و سەربەخۆیی بەرین، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبیندرێت شەرمەزارییە بۆ لایەنە سیاسییەكان، چونكە رۆڵەی كورد لەپێناو نیشتیمانەكەی شەهید دەبێ، بەڵام ئەوان ئامادە نین لەگەڵ یەكتردا كۆ ببنەوە و كێشەكان چارە بكەن.”
 
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا راشی گەیاند : “هەر هەنگاوێك بۆ توندتركردنی ململانێكان بنرێت، زیان بە بەرژەوەندیی باڵای كوردستان دەگەیەنێت و كاریگەریی خراپی لەسەر داهاتووی ئەم هەرێمە دەبێت. خەڵكی كوردستان لەگەڵ ململانێ نییە و ئاشتی و پێكەوەژیان و گەیشتن بە مافە نەتەوەییەكانی دەوێت.”
Back to top button