بابەکر زێباری: بەبێ پێشمەرگە ناوچە کوردستانییەکان سەقامیگر نابێت

سوپاسالاری پێشووی عێراق گوتی، پێویستە ھەرێمی كوردستان و بەغدا پەلە بكەن بۆ ئەوەی ھێزی ھاوبەش بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دروست بكەن، چونكە داعش لە سووریاوە دەیەوێت بە ھێزێكی زۆرەوە بگەڕێتەوە عێراق.

بابەكر زێباری، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: زۆر گرنگە پەلە بكرێت لە دانوستانەكان بۆ ئەوەی ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بگەڕێنەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، چونكە ھێزی پێشمەرگە، ھێزێكی گەورە و بەتوانایە و شەڕێكی زۆری داعشی كردووە و تێكی شكاندوون و دەتوانن ناوچەكە بپارێزن و ئەزموونێكی باشیان ھەیە.

زێباری زیاتر گوتی: ئێستا حكوومەتی عێراق خەریكی كۆنتڕۆڵكردنی سنووری نێوان عێراق و سووریایە، چونكە داعش بە ھێزەوە دەیانەوێت لە سووریاوە بگەڕێنەوە بۆ عێراق، بە تایبەت بۆ ناوچەكانی مووسڵ و كەركووك و دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار، ڕاستە باس لە نەمانی داعش دەكرێت، بەڵام شەڕی پارتیزانی زۆر قورسترە لە شەڕی سەنگەرەكان و داعشیش ئێستا بە شێوەی پارتیزانی شەڕ دەكات، بۆیە داعش لە ھەموو شوێنێك ھەیە و دیاریش نییە، لەبەر ئەوە پێویستە حكوومەتی عێراق سوود لە تواناكانی پێشمەرگە وەربگرێت”.

دەشڵێ: ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان كە ناوچەی ھاوبەشن و دەكەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠، بەبێ پێشمەرگە پارێزراو نابن و زیانی زۆر بەو ناوچانە و خەڵكەكەش دەگات.

بە گوتەی بابەكر زێباری، پێویستە پەلە لە دانوستانەكاندا بكرێت و چەند دوا بكەوێت، زیانی زیاتری دەبێت و مەترسیی بۆ سەر ئەو ناوچانە دروست دەبێت.

سوپاسالاری پێشووی عێراق ڕاشیگەیاند: ھەرێمی كوردستان توانیویەتی هێڵێكی بەرگریی باش بۆ ھەرێمی كوردستان دروست بكات و داعش ناتوانێ زەفەری پێ ببات، بەڵام ھەرێمی كوردستان خەمی ناوچە كوردستانییەكان و ھەموو عێراقیەتی بە گشتی و نایەوێت داعش جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ عێراق و دەیەوێت ڕێگریی لێ بكات.

ئەوەیشی خستە ڕوو: ئێستا دانوستان لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دەكرێت بۆ ئەوەی ھێزی ھاوبەش بگەڕێنەوە و جێگیر بكرێن، بۆیە دانوستان بەردەوامە و ئومێد دەكەین بە زووترین كات بگەنە ڕێككەوتن.

Back to top button