فراكسیۆنی پارتی: سەرۆكایەتیی ٦ تا ٧ لیژنەی تر وەردەگرین

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پارتی بەپێی ئیستحقاقی خۆی كە گەورەترین فراكسیۆنە لە پەرلەمان، سەرۆكایەتیی ٦ تا ٧ لیژنەی دیكە وەردەگرێت.

لە ١٨ـی ئەم مانگەدا، پەرلەمانی كوردستان دەستەی سەرۆكایەتیی هەڵبژارد و لە دووەم كۆبوونەوەشدا لیژنەی یاسایی هەڵبژێردرا، بەڵام تا ئێستا ١٤ لیژنە ماون دەستنیشان بكرێن.

بژار خالید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، هەموو لایەنەكان بەپێی ژمارەی ئەو كورسیانەی هەیانە لە پەرلەمان، مافی سەرۆكایەتیكردنی لیژنەكانی تریان بەردەكەوێت و ئەوانەی ماویشن بەپێی رێژەی كورسییەكان بەر پارتی دەكەون.

جگە لە لیژنەی یاسایی، ١٤ لیژنەی تر ماون دیاری بكرێن، سەبارەت بە پشكی پارتی لە سەرۆكایەتیكردنی ئەو لیژنانە، ناوبراو ئاماژەی دا: پارتی سەرۆكایەتیی ٦ تا ٧ لیژنەی تری پەرلەمان وەردەگرێت و لە چەندین لیژنەی تریشدا جێگر و بڕیاردەری دەبێت.

بە گوتەی خالید، پارتی هەمیشە لە مافی خۆی خۆش بووە بۆ پێكهاتەكان، چونكە بە بڕوای پارتی، دەبێت پێكهاتەكان لەو لیژنانەدا بەشداریی راستەقینەیان هەبێت.

Back to top button