بارزانی :حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان پێویستی به‌ سوپاس و پێزانین نییه‌

خواكوڕك

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14/11/2016 له‌ سه‌لاحه‌دین، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ئوسامه‌ نوجێفی، جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق و شاندێكی باڵای كوتله‌ی ئه‌ڵموته‌حیدون له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ فازڵ میرانی، سكرتێر و د.ڕۆژ نوری شاوێس،هوشیار زێباری و ئازاد به‌رواری ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتیی كوردستان ئاماده‌ی بوون، دوا سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌كانی سوپای عێراق، له‌ پڕۆسه‌ی ئازادكردنی مووسڵ و ناوچه‌كانی دیكه‌ تاوتوێ كرا، هه‌ماهه‌نگی و پلانی هاوبه‌شی سه‌ربازیی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق به‌ به‌رز نرخێندرا.

شاندی میوان پیرۆزباییان له‌ بارزانی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆریستان وه‌ده‌ست هاتوون كرد، ڕایانگه‌یاند “ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تیی حه‌كیمانه‌ و سه‌ركه‌وتووانه‌ی بارزانی نه‌بوایه‌، داعش به‌و هه‌موو هێز و توانایه‌وه‌ دووچاری ئه‌و شكسته‌ گه‌ورانه‌ نه‌ده‌بۆوه‌ و ناوچه‌كه‌ چاره‌نووسێكی مه‌ترسیداری ده‌بوو، بۆ قۆناخی دوای داعشیش كه‌ زۆر هه‌ستیاره‌ چاومان له‌ ڕۆڵی گرنگ و سه‌ركردایه‌تیی به‌ڕێزیانه‌”.

هه‌وره‌ها سوپاسی حكوومه‌ت و گه‌لی كوردستانیان بۆ حه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی په‌نابه‌ر و لیقه‌وماوان كرد و ڕایانگه‌یاند كه‌ هه‌رگیز ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ له‌یاد ناكه‌ن.

هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بارزانی ڕایگه‌یاند: “حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان پێویستی به‌ سوپاس و پێزانین نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ نه‌هج و به‌های به‌رزی خه‌ڵكی كوردستانه‌”، سه‌باره‌ت به‌ قۆناخی دوای ئازادكردنی مووسڵ و شكاندنی تیرۆریستان، بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی ئازادكردنی مووسڵ چه‌ندجارێك داوام كرد كه‌ له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ی سه‌ربازی پێویسته‌ ڕێككه‌وتنێكی سیاسی هه‌بێت، تا داهاتووی پێكهاته‌كان پارێزراو بێت و هه‌موو ئه‌گه‌ر و ئاسته‌نگیانه‌ له‌به‌رچاو بگیرێن، ئێستاش كه‌ لێژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌ ئومێدمان وایه‌ به‌جیدی كار بۆ قۆناخی دوای داعش بكرێت و هه‌ماهه‌نگییه‌ك هه‌بێت كه‌ ڕێگه‌ له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كان بگیرێت.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ مێكانیزمه‌كانی هه‌ماهه‌نگیی نێوان لایه‌نه‌كان كرا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئاسته‌نگیانه‌ دوای ئازادكردنی مووسڵ دێنه‌ پێش، به‌جۆرێك كه‌ سه‌قامگیری و ئارامی بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌ مسۆگه‌ر بكرێت و ژیان و ماڵیان پارێزراو بێت و متمانه‌یان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌.

Back to top button