حەسەن رۆحانی هانا بۆ عێراق دێنێت و 11ی مانگی داهاتوو سەردانی بەغدا دەكات
دوای سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێكی بازرگانی ئەو وڵاتە بۆ عێراق, بە پێی زانیارە میداكانی ئێران, سەرۆك كۆماری ئێران ئامادەكاری دەكات، بۆ ئەوەی لە 11ی مانگی داهاتوو سەردانی عێراق بكات.
ئاژانسی هەواڵدەری تەسنیمی ئێرانی رایگەیاند، حەسەن رۆحانی، بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ ئەو سەردانەی رۆحانی، هەریەك لە بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوت و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای كۆماری ئیسلامی سەردانی بەغدایانكردووە.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكیش، بڕیارە لەو سەردانەدا شاندێكی باڵای حكوومەتی تاران یاوەری رۆحانی بكات، كە ئامانج لێی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لە نێوان عێراق و ئێران.
ئەمەش لەكاتێكدا، هەریەك لە پارێزگارانی بانكی ناوەندی عێراق و ئێران لە سەرەتای ئەم مانگە رێككەوتنێكیان بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی بانكی لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ كردووە.
لەم چوارچێوەیەشدا عەبدولناسر هیممەتی، پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران رایگەیاندووە، “بەمەبەستی چارەسەركردنی كیشەكانی نەوت و گاز، ئێران چەند هەژمارێكی بانكی لە سەر دراوی یۆرۆ و دینار دەكاتەوە”.
هیممەتی عێراقی بە هاوبەشێكی راستەقینەی ئێرانی وەسفكرد و گوتی: “هەردوو وڵات لە سەر بە هێزكردنی پەیوەندی بانكی بۆ ئاستێكی زۆر بەرز رێككەوتوون”، دووپاتیشیكردەوە، “لە بەرامبەردا عێراقیش دەتوانێت هەژماری ئاڵۆگۆڕكراو لە بانكی ئێرانی بكاتەوە و مامەڵە بە دینار بكات”.
لە لایەكی دیكەوە، ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ئاشكرایكرد، “بڕیارە بەم نزیكانە حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی بەغدا بكات”.
پێشتریش عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، بڕیارە بەم نزیكانە سەرۆك كۆماری ئێران لەپێناو چەند دۆسییەكی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات سەردانی بەغدا بكات.