پەكەكە گەرمیان داگیردەكات, یەكێتی دەبرێتەوە دەباشان

یاد سرێشمەیی

لە هەڵبژاردنەكانی رابروودی كوردستان یەكێتی نەیتوانی نیوەی كورسیەكانی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان بەدەست بهێنێت كە پارتیە, سەركەوتنە شۆك هێنەرەكەی پارتی بۆ یەكێتی بە جۆرێك بوو كە هەزمكردنی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن قورس بوو, بەو خەیاڵەی ئەگەر تەنها كورسیەك بەدەست بهێنن دەسەڵات رادەست ناكەن بەشدار بوون لە كێبڕكێی دیموكراسی و هەڵبژاردن, دواتریش ئاكامەكانیان قبولكرد.
ئێستا یەكێتی چ لە رووی پێگەی جەماوەری چ لە رووی بڕیاری سیاسی, شەلەلترین حزبی سیاسە لە هەرێمی كوردستان, چونكە ئەو ناوچەیەی كە پێشوتر جێی نفوزی یەكێتی بوو قەبارەی تێدا زۆر بچووك بووەتەوە, هەروەها یەكێتی لە نێوخودی خۆی ناوەندی دروستكردنی قەراری سیاسی نەماوە بۆیە ناتوانێت هێندە بە ئاسانی بڕیار لە داهاتووی خۆیبدات, ئەگەر یەكێتی كۆمەلێك هۆكاری دیكەی وەك تەزیر و چاو سوركردنەوە لە دەنگدەر و هەڵكوتینە سەر بنكەی دەنگدان و پچڕاندنی پەیوەندی نێوان ئۆفیسی سلێمانی و ئۆفیسی سەرەكی هەولێری كۆمسیۆن نەبایە, لە رووی ژمارەی كورسیەكانیش بچووكتر دەبوو لەوەی ئێستا هەیە.
ئەو دۆخە ناهەمووارو دژوارەی یەكێـتی تێیدا دەگوزەرێت, بە تایبەت دوای كۆچی سكرتێری ئەو حزبە و خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر یەكێتی پێچایەوە قوژبنێكی سلێمانی و ئەگەر پارە و هێزی سەربازی لە یەكێتی وەر بگیرێتەوە, ئەو حزبە لە هەرە لۆكالیترین حزبی كوردستان دەبێت كە دەشێت تەنها دەباشانی بە دەستەوە بمێنێت, سلێمانی ئێستا لە رووی گوتاری سیاسی و پێگەی جەماوەری لە دەست كۆمەلێك حزبی ترە كە ئەوان توانیان یەكێتی تەوق بكەن, ئەوەی ئێستا یەكێتی بە پارە دەیكات بۆ دژایەتی كردنی ئەو حزبانە, خەلكانێكی زۆر خۆبەخشانە بۆ ئەم حزبانە دەكەن دژ بە یەكێـتی, رەنگە جیاوازە گەورەكەش لێرەبێت.
ئێستا یەكێتی لە هەوڵی گەڕانەوەیە بۆیەكێتیەكەی پێشووتر, بەڵام رێگای گەڕانەوەی نەماوە یان رێگا ونبووەكەی زۆر زەحمەتتر لەوە دەدۆزرێتەوە بیەوێت بە كەلەگایی لەسەر رێگایەك بڕوات, چونكە جۆرێك دابڕا لە جەماوەرەكەی كە لە چەند ساڵی داهاتوو بچووكتر دەبێت لەوەی هەیە, ئەگەر لە نێو خودی سلێمانی چەند حزبێك جێی پێیان بە یەكێتی لەقكردبێت, ئەوا لە گەرمیان و هەڵەبجە پەكەكە بە تاقی تەنیا و زۆر بە نهێنی خەریكە یەكێتی بخاتە دەرەوەی نەخشەی شارەكان, بە تایبەت كەلار.
دوای دامەزراندنی تەڤگەری ئازادی سەربە پەكەكە لە سنوری سلێمانی لە ساڵی 2014 پەكەكە ویستی بازنەیەك لە پێگەی جەماوەری بە دەوری یەكێتیدا دروست بكات كە لە قەندیلەوە دەست پێدەكات بە درێژای سنورەكان تا دەگاتەوە كەلار, لە ماوەی تەنها پێنج ساڵ بەهەزاران ئەندام و لایەنگریان لە گەرمیان لە دەوری خۆیان كۆكردەوە, ئەمە جگە لەوەی دەرفەتیان بۆ رەخسا كە سەدان گەنج لە خشتە بەرن و چەكداریان بكەن و بیان نێرنە قەندیڵ, پێشووتریش سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە چەندین سكالایان بۆهاتووە كە پكەكە مندالان گەرمیان و هەڵەبجە رفاندۆتە نێو ریزەكانی خۆی, ئێستا گەرمیان بووەتە چەقی پێگەی جەماوەری تەڤگەر, ئەوەی دوێنێ‌ یەكێتی بە ناوی گەرمیان قسەی دەكرد رەنگە سبەی هێزێكی دیكە بێت لە ژێر سێبەری پەكەكە.
ئێستا یەكێـتی هیچ رێگا چارەیەكی لەبەدەمدا نەماوە, جگە لە خۆ نزیككردنەوەو دەست گرتن بە پارتی و رێككەوتن, چونكە دەبێت خۆشی لەوە تێبگات لە رووی پێگەی جەماوەری پەكەكە و حزبەكانی دیكەی سلێمانی گورگە خواردەیان كردووە زۆریان یەكێتیەكان یەكێتیان جێهێشتوو ئەوانەی ماونەتەوە بە جۆرێك برینداركراون كە كەلكی ژیانیان بەبەردانەماوە, یان ئیمانیان بە یەكێتی و سەركردایەتی ئەو حزبە زۆر لاواز بووە, بۆ ئەوەی لە سلێمانی هێزەكانی دیكە و لە گەرمیان پەكەكە نەبێتە بەدیلی یەكێتی دەبێت, ئەگەر باوەڕیشیان وایە تا قامی قیامەت تەزیر فریایان دەكەوێت ئەوە شتێكی دیكە.

 

Back to top button