فەرید ئەسەرسەد: بڕیارێکی گرنگی یەکێتی بەرامبەر پارتی ئاشکرادەکات

دوای ئەوەی یەکێتی نەیتوانی کاندیدی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە نێوەخۆی خۆی یەکڵا بکاتەوە، بەشداری کۆبوونەوەی کاراکردنی پەرلەمانی نەکرد کە لە ۱۸ـی شوبات ئەنجامدرا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی ئاشکرای دەکات، بڕیاری حزبەکەی ئەوەیە، لەگەڵ پارتی بەرەو رێککەوتن بچن و حکوومەت و پەرلەمانێکی ھاوبەش کۆیان بکاتەوە.

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵوی توركی، لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەیوەندییەکانی نێوان حزبەکەی لەگەڵ پارتی و خاڵه‌ ناکۆك و جیاوازییەکانی نێوان ھەردوولا قسەی کرد.

ئه‌سه‌سه‌رد له‌ گفتوگۆكه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاژانسه‌ ده‌ڵێت: “گەشترین خاڵ لەو بابەتەدا ئەوەیە کە پرۆسەکە تا ئێستا بەردەوامە، بەردەوامبوونی پڕۆسەکەش ئەوەیە کە تا ئێستا کێشەکان چارەسەر نەکراون، بەڵام لە ھەموو دۆخێکدا ئەو پڕۆسەیە نەگەیشتووەتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە و نەگەیشتووەتە رێککەوتن”.

ئەسه‌سەرد ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ھەردوو لایەن ھەموو ھەوڵەکانی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بگەن بە رێککەوتنێکی گونجاو، لە ھەمان کاتدا کۆبوونەوە خۆی لە خۆیدا بەڵگەی ئەوە نییە کە دەگەن بە رێککەوتن، ئیرادەی گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەر لەناو یەکێتی ھەیە، بەڵام گەیشتن بە رێککەوتن لە لای ئه‌وان ئەوە نییە کە بەھەر نرخێك بێت و ھەرچۆن بێت دەبێت رێکبکەون. هاوكات جه‌ختیشی له‌سه‌ر یه‌ك پاكێجی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی كرده‌وه‌.

سەبارەت بە سەرنج و ھەڵوێستی یەکێتی لەسەر پرسی ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، فەرید ئەسەسەرد لەو بارەیەوە گوتی: “بە ھۆی ئەوەی پارتی بە شێوەیەکی کتوپڕ ئەو بابەتەی ورووژاند، ئێمە تا ئێستا باسی ئەوەمان نەکردووە، تێڕوانینی ئێمە لەسەر ئەم بابەتە بۆ ماوەی پێنج ساڵە روونە، ھەموو لایەك دەزانن کە ئێمە داوای سیستەمی پەرلەمانیمان کردووە”.

Back to top button