ئه‌مریكا و به‌ریتانیا گره‌نتیان به‌ پارتی داوە ،ئەگەر یەكێتی نەیەتە ژێربار چی روودەدات.؟

پارتی دیموکراتی کوردستان گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی چاوه‌ڕێتی دانیشتنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌یان ده‌كات، لە ئه‌گه‌ری رێكنه‌كه‌وتنی نێوانیان ئه‌وا یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ بێ یه‌كێتی هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییەكان (خـواکورك)، پارتی چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌یانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی.

له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی ۱۸ـی ئه‌م مانگه‌، كێشه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی قوڵتر بونه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی نێوه‌ندگیری چه‌ند لایه‌نێك و ئاڵوگۆڕی نامه‌ی نێوان سەرۆك بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی ئه‌و گرژیانه‌ تا ڕادەیەك خاو بوونه‌وه‌، بڕیار وایه‌ بەیانی کۆبوونەوەکە ئه‌نجام بدرێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌گه‌ری رێكنه‌كه‌وتنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ نیازه‌ له‌ دانیشتنی هه‌فته‌ی داهاتووی په‌رله‌ماندا، یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌مووار بكاته‌وه‌، تیایدا سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت.

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری كاردانه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم گه‌ر به‌ بێ ئه‌و یەکێتی بكرێت، سه‌رچاوەیەكی تایبەت بە (خواکورك) ـی راگه‌یاند: ئه‌مریكا و به‌ریتانیا پشتیوانی هه‌رچی زوتری پێكهێنانی حكومه‌تی هەرێمی کوردستانن به‌ به‌شداری هه‌موو لایه‌نه‌كان.

سەرچاوەکەی (خواکورك) پشت ڕاستی کردەوە، له‌ ئه‌گه‌ری رێكنه‌كه‌وتنی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و لە هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌و حزبە له‌باره‌ی دوو ئیداره‌ییه‌وه‌، پارتی گره‌نتی تەواوی له‌و دوو وڵاته‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ به‌ هه‌نگاوی له‌و شێوه‌ له‌ هه‌رێم نادەن.

Back to top button