ڕۆژێك پشووی فەرمی ڕاگەیەنرا
ناوەڕاستی ئەو هەفتەیە ڕۆژێك پشووە بۆ فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیش بەهۆی ساڵوەگەڕٍی دەست پێكردنی ڕاپەڕینە مەزنەكەی ساڵی ۱۹۹۱ـی كوردستان كە بووە هۆكاری ڕزگاركردنی خاكی هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ شەممە، بەگوێرەی خشتەی پشووەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وەزارەتی پەروەردە كە سەرجەم دامەزراوەكان دەگرێتەوە تێیدا هاتووە، ڕۆژی سێ شەممە پێنجی ئادار پشووی فەرمییە لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینەكەی كوردستان كە بووە هۆكار ڕزگاربوونی كورد لە دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس.
ڕۆژی ٥ـی ئاداری ساڵی ۱۹۹۱ خەڵكی شارۆكەی ڕانیە ڕاپەڕین لە ساڵی ۱۹۹۱ لە دژی ڕژێمی بەعس بە پاڵپشتیی هێزە چەكدارەكانی بەرەی كوردستانی بوو كە ئەوكات یاخی بوون لە ڕژێم و لە چیاكانی كوردستاندا دژ بە ڕژێم ئۆپەراسیۆنیان ئەنجام دەدا، ڕاپەڕین لە پێنجی ئاداری ۱۹۹۱ لە ڕانیە دەستی پێ كرد و تا ۲۱ـی مانگ بەردەوام بوو، بەو شێوەیە داودەزگاكانی ڕژێمی بەعس لە هەرێمی كوردستان كرانە دەرەوە.
ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ی گەلی كورد لە باشووری كوردستان، ڕووداوێكی گەورە و گرینگ و بێوێنەی مێژوویی بوو، دەستكەوت و گۆڕانكاری و وەرچەرخانێكی گەورەی هێنایە ئاراوە، پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرەنجامی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی خەڵكی كوردستانن.