سبەی پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە
بڕیارە سبەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كۆ ببنەوە بەمەبەستی گفتوگۆ لە بارەی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پرسی پارێزگای كەركووك.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (خواکورك) بڕیارە سبەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كەركووك و بارودۆخی سیاسی عێراقەوە كۆ ببنەوە.
هاوكات ئەمڕۆ لەتیف شێخ عومەر گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاندووە، بڕیارە سبەی سێی ئاداری ۲۰۱۹، هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و كەركووك و عێراق كۆ ببنەوە.
ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە ڕۆژی پێنجی شوبات پارتی و یەكێتی بە فەرمی ڕێككەوتنێكی ۱۹ خاڵییان ڕاگەیاند، بەڵام ڕۆژی ۱۸ـی شوبات یەكێتی پاشگەزبوونەوەی لە بەشێكی ڕێككەوتنەكە ڕاگەیاند و ئامادەیی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان نەبوو و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هاتە هەڵبژاردن.
پێشتر بەرپرسانی پارتی چەند جارێك ڕایان گەیاندبوو بۆ ماوەی زۆر چاوەڕوانی كراوە بۆ ئەوەی یەكێتی خۆی یەكلا بكاتەوە و بۆ كابینەی نوێی حكوومەت بڕیار بدات.