دواهەمین كەس كە لە باغۆز چاوی بە ئەبوبەكر بەغدادی كەوتووە بە برینداری دەستگیركرا
دوای ئەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات دواهەمین مۆلگەی داعشیان لە باغۆزی جەزیرە تەوقكرد لە چەند سەد مەترێك جگە لە ئازاد كردنی دەیان كەس كە لە لایەن داعش بە بارمتە گیرا بوون و پێشوتریش لە جەنگەكان رفێندرابوون, سەرچاوەیەكی عێراقی رایگەیاندووە، هێزەكانی سووریای دیموكراتی (هەسەدە)، ئەو كەسەیان دەستگیر كردووە، كە پێش ئەوەی ناوچەكە جێبهێڵێ، دوایین جار ئەبوبەكر بەغدادی، رێبەری داعشی لە شارەدێی باغۆز بینیوه”.
بە پێی هەواڵێكی پێگەی ئەلیكترۆنی (بغداد الیوم): “بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستیان كەوتووە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، هێزەكانی هەسەدە كەسێكی سەر بە داعشی بە برینداری دەستگیر كردووە، كە خەڵكی گوندی ئەبو هاجەری باشووری مووسڵە، ئەو كاتەی ویستوویەتی لەگەڵ ژنەكەی و دوو منداڵیدا باغۆز جێبهێڵێت، دەستگیر كراوە”.
سەرچاوەكە دەڵێت: “هەسەدە زانیاری هەیە، كە ئەو كەسەی بە ناوی ئەبو هاجەر دەستگیری كردووە، پێش ئەوەی ئەبوبەكر بەغدادی، رێبەری داعش، بەرەو ناوچەیەكی دیكە بڕوات، ئەو دوایین كەس بووە كە لە شارەدێی باغۆز بینیویەتی”.
سەرچاوەكە كە نەیویستووە ناوی بهێنرێت، دەڵێت: “بە گوێرەی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی دزەیان كردووە، بەغدادی هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی لە شێوە و روخساریدا نەكردووە، تەنها هەندێك كێشی دابەزیووە و گۆڕانكاریی لە ریشیدا كردووە و جیاوازە لەو كاتەی بۆ یەكەمجار لە مانگی تەمووزی ساڵی 2014، لە مزگەوتی نووری شاری مووسڵەوە دەركەوت”.
ئەو زانیارییانە لە كاتێكدان، كە پێشتر هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە، گوایە پیاوە مەترسیدارەكە مێزەر و كەوا ئیسلامییەكەی فڕیداوە. بە گوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ھەواڵگریی عێراقی، ئەبوبەكر بەغدادی، رێبەری داعش، زیندووە و تا ئێستا لە سووریایە و بە پانتۆڵ و جلوبەرگی ئەم سەردەمەوە، لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا، هاتووچۆ دەكات.
سەرچاوەیەكی ھەواڵگریی عێراقی بە میدیاكانی رووسیای گوتبوو: “تا ئێستا ئەبوبەكر بەغدادی، رێبەری داعش، زیندووە و لە سووریایە. نەخشەی جوڵانەوەكانیشی لەلای ھەوڵگریی عێراقی و ئەمەریكاییەكان ئاشكرایە، بەڵام بەردەوام لە جوڵە دایە و شوێنەكەی دەگۆڕێ”.
ئەم زانیارییانە لە كاتێكدان، كە هێرشی سەر دوا مۆڵگەی داعش لە سووریا چڕبۆتەوە و چەكدارانی رێكخراوە توندڕەوەكە تەنها چەند كیلۆمەترێكیان بە دەستەوە ماوە. لە ماوەی چەند ساڵی رابردووشدا چەندین هەواڵ و زانیاری لەسەر خودی رێبەرەكەی داعش بڵاوكراونەتەوە، بەڵام ھێشتا هیچ زانیارییەكی یەكلاكەرەوە لەبارەی چارەنووسی بەغدادی رانەگەیێنراوە.