بەرپرسێكی یەكێتی پەیامێك بۆ سەرۆك بارزانی دەنێرێت و دەڵێت هەموومان چاوەروانی هیممەتی تۆین

 

دوی ئەوەی پەیوەندیەكانی نێوان پارتی و یەكێـتی بە هۆی زۆری خواستەكانی یەكێـتی و بچووكی پێگەی سیاسی كێشەی تێكەوت, لە لایەكی تر بە هۆی بۆ یەكڵا نەكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە نێو حزبەكەی نەیتوانی بەشداری كۆبوونەوەی 18ـی شوباتی پەرلەمان بكەن, كادیرێكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاندیدی حیزبەكەی بوو، سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی پەیامێك ئاراستەی سەرۆك بارزانی دەكات و دەڵێ” هەموو خەڵك چاوەڕێی هیممەتی جەنابتانن”

جەمال هەروتی، لە مەلبەندی راپەڕینی یەكێتی لە پەیامەكەی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكردووەتەوە و لەسەرەتای پەیامەكەیدا ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان باوكی و مستەفا بارزانی ، رێبەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان كردووە و ئاماژەی بە سەردانێكی بارزانیی نەمر كردووە بۆ گوندی هەرۆتەی كۆن لە ساڵای شەستەكانی سەدەی ڕابردوو.

هەروتی كە وەك خۆی ئاماژەی بۆ كردووە كە پەیامەكەی هاوكاتە لەگەڵ چلەمین ساڵیادی كۆچی دوایی بارزانی نەمر و نووسویەتی”هیوادارم ئەم یادە ببێتە مایەی یەكڕیزی و تەبایی گەلی كورد بەتایبەتی نێوان یەكێتی و پارتی، داواكارم ڕیزەكانی كوردایەتی پتەو و تۆكمەتر بێت چونكە گەلەكەمان نەیار و دوژمنی یەكجار زۆرن ، بابەس بێت خۆخۆری و دژایەتی یەكتری ، بژی برایەتی نێوان یەكێتی و پارتی وگشت لایەنە كوردستانییەكان”

ئەو كادیریەی یەكێتی بۆ سەرۆك بارزانیی نووسیوە” لێردا داوا لەجەنابت دەكەم ، ئەو بەستەڵەكەی كە كەوتۆتە نێوان یەكێتی و پارتی بەحیكمەتی خۆت تێكی بشكێنی و ئەوكارە گرنگە بەلیژنە و لیژنەكاری نەسپێریت و خۆت بێیتە سەر خەت”.
هەروتی بە سەرۆك بارزانی دەڵێ”من دڵنیام هەڤاڵانی سەركردایەتیمان لە ڕای بەڕێزتان دەرناچن، جەنابتان دەزانن مامی گەورەمان چەند پەرۆشی یەكڕیزی نێوان یەكێتی و پارتی بوو، ئێستا ئەو غائیبە و تۆپەكە لەساحەی ئێوەی بەڕێزدایە”.
لە كۆتایی نووسینەكەیدا دەڵێ” هەموو خەڵك چاوەڕێی هیممەتی جەنابتانن” .

Back to top button