جێگری سەرۆكی ئەمریكا: ئێران دەیەوێت ئیسرائیل لە ناو ببات و هۆلۆكۆستێكی دیكە دووبارە بكاتەوە
دوای ئەوەی لە میدیاكان بەبەردەوامی بەر پرسانی ئیسرائیل و ئێران هێرش دەكەنە سەر یەك, جێگری سەرۆكی ئەمریكا ئێران بەوە تۆمەتبار دەكات كە لە هەوڵی لە ناوبردنی ئیسرائیل و كۆمەڵكوژی جووەكانە.
مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: ئێران پشتیوانی سەرەكی تیرۆرە لە جیهان و بە رێگەی پشتیوانی كردن لە گروپە توندڕەوەكان سەرقاڵی نانەوەی ئاژاوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وتیشی: بەرپرسانی ئێران نایشارنەوە كە خوازیاری لە ناوبردنی ئیسرائیلن و دەیانەوێت هاوشێوەی هۆڵۆكۆست، جارێكی تر جووەكان بەرەوڕووی كۆمەڵكوژی بكەنەوە.
جێگری سەرۆكی ئەمریكا جەختیشی كردەوە، كە وڵاتەكەی هەرگیز رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.