پەرلەمانتارێكی یەكێتی: ناوی ئەندامانمان بۆ لێژنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئامادە كردووە
ئەگەر چی یەكێـتی لە كۆبوونەوەی كاراكردنی پەرلەمانی كوردستان لە 18ـی شوبات بەشداری نەكرد, پەرلەمانتارێكی یەكێتی رایگەیاندووە كە حزبەكەی ئەندامانی بۆ لێژنەكانی پەرلەمان دیاری كردووە.
شنۆ عەشقی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە: “لەسەرتاوە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بایكۆتی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان و دانیشتنەكانی دیكەمان كردووەو تاوەكو ئێستاش چاوەڕوانی دەرئەنجامی رێككەوتنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین”.
لەبارەی دیاریكردنی ناوی ئەندامانی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ناردنی بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان گوتی: “فراكسیۆنی یەكێتی سەرجەم ئامادەكارییەكانی كردووە بۆ ئەو مەبەستەو ناوی ئەندامانی لیژنەكانیشمان دیاریكردووە، بەڵام تائێستاش چاوەڕوانی رێككەوتنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی دەكەین”.