ئازاد جوندیانی: بیركردنەوەی یەكێتی لە دوو ئیدارەیی و فیدراڵیەتی پارێزگاكان هەڕەشەیە

 

دوای ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەیتوانی بە هۆی كێشە ناو خۆیەكانی پابەندی رێككەوتنی 5ی شوبات بكات و بە هۆیەوە بەشداری كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی نەكرد, سیاسەتمەداری كورد و راوێژكارێكی سەرۆك بارزانی لە سەر رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی قسەی كرد و گوتی: ئێمە چاومان لەوەیە ئەو دوو حیزبە بگەنە رێككەوتنێكی باش.

ئازاد جندیانی، سیاسەتمەداری كورد و راوێژكاری سەرۆك بارزانی رایگەیاندووە:” پێویست بوو یەكێتی ئاسانكاری بۆ رێككەوتنی لەگەڵ پارتی بكات‌، چونكە وەك خۆی گوتی: ئەو فشارانەی ئێستا هەستی پێ دەكرێت، خزمەت بە گەلی كوردستان ناكەن.
ئەو سیاسەتمەدارە گوتیشی:” نەمانی رێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان زۆرترین زیانی بە هەرێمی كوردستان گەیاندووە، بەتایبەت دوای نەمانی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، كە پێشتر لێكتێگەیشتنێكی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆك بارزانی هەبوو.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئاخۆ ناكۆكییەكانی ناوخۆی یەكێتی كاریگەری لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان بە گشتی و رێككەوتنی لەگەڵ پارتی هەبووە؟ جندیانی بە “بەڵی” وەڵامی دایەوه.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئازاد جندیانی دووپاتیكردەوە، پێویستە تەواوی لایەنە كوردستانییەكان ئامادەكاری بۆ 4 ساڵی داهاتوو بكەن، بەتایبەت كە ئێستا ناوچەكە بە گۆڕانكاری گەورەدا دەگوزەرێت و بە لایەنی كەم پێویستە لایەنەكان كار بۆ پارێزگاری كردن لە خەڵكی كوردستان بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت پلانی تۆكمەیان هەبێت، چونكە رێككەوتن تەنیا ئەوە نییە كە ناردنی مووچە و بودجەی هەرێم لە بەغداوە مسۆگەر بكرێت، بەڵكو بابەتگەلێكی گرنگتر هەیە كە پێویستە لەبەرچاو بگیرێن.

سەبارەت بە پرسی وروژاندنی دوو ئیدارەییش لە هەرێمی كوردستان، كە لێرە و لەوێ باسی ئەوە دەكرێت، لە ئەگەری رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی پەنا بۆ دوو ئیدارەیی یانیش فیدراڵی پارێزگاكان ببرێت، ئازاد جندیانی گوتی: بیركردنەوە لە دوو ئیدارەیی و فیدراڵیەتی پارێزگاكان هەڕەشەیە، چونكە پیادەكردنی ئەم چەمكانە مانای لێكترازان و پەرتبوونی كورد دەگەیەنێت.

Back to top button